ئەحمەد سالار: بەشی ئەوە وزەم ماوە ببمەوە بە وەزیری ڕۆشنبیری

ئەحمەد سالار هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی دوا و تیشکی خستە سەر ئاستی هونەری کوردی لە ئێستادا و هاوکات باسی چەند تایبەتمەندییەکی ژیانی خۆی کرد و ئاشکراشیکرد لە بەنیازی کارێکی هونەری نوێیە لە مانگی چواری ئەمساڵدا.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی: تێڕوانینی ئێوە چۆنە سەبارەت بە  دۆخی هونەری کوردی بە گشتی و شانۆ و دراما بە تایبەتی؟

ئەحمەد سالار: هونەر پەیوەستە بە گۆڕانکاریەکانی ژیانەوە، هەموو گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگە کاریگەریان هەیە لەسەر هونەر و بەرهەمی هونەری گونجاو و باش لە باودۆخێکی سەقامگیردا بەرهەم دێت، ئەمە کاریگەری کردۆتە سەر ئەوەی دابڕان و جیابوونەوە لە هونەرە ڕەسەنە کوردیەکە ڕوو بدات، وە ئەو درامایانەی کە دۆبلاژکراون کاریگەرییان کردۆتە سەر خەڵکی کە خوبدات بەو بەرهەمە دۆبلاژکراوانە، چونکە ئەوانە لە ڕووی کوالێتی و نواندنەوە زۆر باشن و تەنها سەرنجێکی ڕەخنەیم لەسەر ناوەڕۆکی بابەتەکانیان هەیە, وەک دەزانین کۆمەڵگەی کوردی پەیوەیستە بە کۆمەڵێک داب و نەریتەوە کە لە باوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە وەک ئاین و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان, بابەتی دراماکان لەگەڵ ئەوانەدا یەکناگرێتەوە، لایەنی ئابووریش لایەنێکی گرنکە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرهەمێکی هونەری من هەمیشە دەڵێم “هێزی ئەژنۆ لە گیرفانەوەیە” بەداخەوە بڕێکی زۆر کەم پارە خەرج دەکرێت و ناتوانرێت کاری باشی پێ بکرێت بەرهەمی باشی پێ بەرهەم بهێنرێت وەک دەزانین شانۆ و دراما لە ڕابردودا هۆکارێک بوون بۆ کۆکردنەوەی ئەندامانی خێزان بەڵام ئێستا ئەو کاریگەریەیان نییە.

دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی: بە بۆچوونی ئێوە دەبێت چۆن چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت کە دووچاری هونەری کوردی بوونەتەوە؟

ئەحمەد سالار: پێویستە بینەری کوردی لەگەڵ هونەری کوردی ئاشتبکەینەوە لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و گرنگیدان بە بەرهەمە کوردیەکان, یان گرنگیدان بە بەرهەمی وڵاتانی نزیک لە خۆمان لە ڕووی کلتورەوە کە ناوەڕۆکی بەرهەمەکانیان گونجاو و نزیکن لە دابوونەریت و کلتووری ئێمە.

 

 دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی: ئێستا مامۆستا ئەحمەد سالار بە چییەوە سەرقاڵە؟ ئایا کاری هونەری نوێی لە بەردەستدایە؟

ئەحمەد سالار: ماوەی چەند ساڵێکە ناساغم چاوەکانم کەڵکی خوێندنەوەیان نەماوە لە دووری یەک دوو مەترەوە خەڵک ناناسمەوە و گوێیەکم توانای بیستنی نەماوە نەخۆشی تەنگی پێ هەڵچنیووم، چەندجارێک هەوڵم داوە کار بکەم بەڵام ناچار بووم وازبهێنم, سەرەڕای ناجێگیری باری تەندروستیم بەڵام هەوڵێکی باشمداوە بۆ ئەوەی مانگی ٤ دەستبەکارببەمەوە و کارێکی هونەری بکەم.

 

دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی: جوانترین کاری هونەریت کامەیانە کە زیاتر خۆشتدەوێت؟

ئەحمەد سالار: من ۱٥۰ کاریی هونەریم کردوە ۳٦ شانۆم نوسیووە کە ژمارەیەکی پێوانەییە لە جیهاندا، (نالی و خەونی ئەرخەوانی) وەک دەرهێنان کارێک بووە کە تا ئێستا لە خەیاڵ و زهنی بینەردا ماوەتەوە لە باشترین کارەکانی منە لە ژیانی هونەریمدا.

دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی: بە خۆشەویستی یان بە ڕێکەوت زەواجت کردووە؟

ئەحمەد سالار: لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لەگەڵ هاوسەرم یەکەمجار یەکترمان بینی و ئیتر هێدی هێدی گەیشتینە ئەوەی زەواج بکەین، ئەوکات وازم لە زانکۆ هێنابوو پەیمانگای هونەرە جوانەکان کرابۆوە و دەمویست لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بخوێنم.

 

دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی: ئێستا چەند منداڵتان هەیە و بە چییەوە سەرقاڵن؟

ئەحمەد سالار: ئێستا ۲ کچ و کوڕێکمان هەیە خوێندنیان تەواو کردوە، کوڕەکەم پەیمانگای هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە و لە بواری هونەریدا کاردەکات، کچەکانم بواری جیاوازیان هەڵبژاردووە کاری خۆیان دەکەن.

 

دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی: لە ڕابردودا وەزیری ڕۆشنبیری بویت, دوای ئەو ئەزمونەت پێشنیاری دیکەت بۆ کراوە کە ببیتەوە بە وەزیری هەمان وەزارەت؟  

ئەحمەد سالار: چواردە ساڵ لە پەرلەمان بووم دوای ئەوە نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بووم و ماوەیەکیش وەزیری ڕۆشنبیری بووم، کۆمەڵێک پۆستم لەوانە بینیووە، دوای ئەوەی وازمهێنا پێشنیارم بۆ نەکراوەتەوە، چونکە لای ئێمە ئەڵێن ئەبێت وەزیرەکان سیاسی بن بەڵام بەلای منەوە کەم سیاسیە هەیە کە بە تەواوەتی لە هونەرە جوانەکان و ڕۆشنبیری تێبگات.

دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی: ئەگەر پێشنیارت بۆ بکرێت ئامادەیت ببیتەوە بە وەزیری ڕۆشنبیری؟

ئەحمەد سالار: من ئێستاش ئەوەندە وزەم تێدا ماوە بۆ ئەوەی کار بکەم لەو بوارانەدا, کاتێک من لە وەزارەت بووم ئیمتیاز و شوێنێکی گونجاومان نەبوو تا ماوەیەکی زۆر موچەشمان نەبووە لە وەزارەت لەسەر ئەرکی خۆمان کارمان کردووە بەڵام ئێستا توانا هەیە شانۆ هەیە ئەتوانن کاری زۆر باش بکەن, خۆزگە دەخوازین ئەم وەزارەتە بگۆڕایە بۆ دەزگایەکی پوخت هونەری.

 

دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی: بێجگە لە خۆت پێت باشە کێ ببێتە وەزیری ڕۆشنبیری؟

ئەحمەد سالار:  زۆر کەس هەیە لە من شایستەتر و بە تواناترە بۆ وەزیری ڕۆشنبیری کاک فەرهاد عەونی و دکتۆر کەمال غەمبار و کۆمەڵێک کەسی گونجاوی تر هەن.