ئەنجومەنی نوێنەران لە چەند کۆبونەوەیەکدا تاوتوێی دۆخی هاوپەیمانی دەکات

بچووکردنەوە گەورەکردن

ئەنجومەنی نوێنەرانی هاوپەیمانی چەند کۆبونەوەیەکی ئەنجامداو تاوتوێی بارودۆخی ناوخۆیی هاوپەیمانی کردو ئامادەکارییەکانی قۆناغی داهاتوی باسکرد.

 

دکتۆرە ئاڤێستا کەمال بەرپرسی ئەنجومەن و دەستەی بەرێوەبەری ئەنجومەنی نوێنەران لە ماوەی یەک هەفتەدا لە پارێزگاکانی هەولێرو کەرکوک و دهۆک وسلێمانی و هەڵەبجە سەردانی دەڤەرەکانی هاوپەیمانیان کردو چەند کۆبونەوەیەکی گرنگیان سازکرد و لە کۆبونەوەکاندا کە ئەندامانی ئەنجومەن لە سنوری پارێزگاکان تیایدا بەشدار بوون بەوردی تاوتوێی بارودۆخی ناوخۆیی هاوپەیمانی و دەڤەرو دامەزراوەکان کراو کێشەو گرفتەکان باسکران و خاڵە ئەرێنیەکان بەرز نرخێندران و ڕاپۆرتی ئەندامانی ئەنجومەن لە سنوری دەڤەرەکانیان تاوتوێکرا.

 

لە سەرجەم کۆبونەوەکاندا باس لە پلانی کاری داهاتووی ئەنجومەن و ئەرکی نوێنەران کراو بە وردی باس لە هەنگاوەکانی داهاتوی هاوپەیمانی کراو تەئکید کرایەوە لە ئامادەکردن و خۆسازدان بۆ ئەوەی لە داهاتودا هاوپەیمانی بتوانێت بە گورو تینێکی زیاترەوە کار بکات بە ئاراستەی خزمەتی هاوڵاتیان و ئەنجومەنی نوێنەرانیش چاودێرێکی باش بێت بەسەر کارەکانی هاوپەیمانی و دەڤەر و دامەزراوەکانەوە.

 

ئەنجومەنی نوێنەرانی هاوپەیمانی پێکدێت لە نوێنەری سەرجەم دەڤەرەکانی هاوپەیمانی لە هەر پێنج پارێزگاکە و کاریان چاودێڕی و بەدواداچونی کارەکانی هاوپەیمانییە لەسەر ئاستی ئەنجومەنەکان و دەڤەر ودامەزراوەکان.