سەرۆکی هاوپەیمانی و وەفدێکی باڵا سەردانی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کرد

بچووکردنەوە گەورەکردن

سەرۆکی هاوپەیمانی و وەفدێکی باڵای هاوپەیمانی سەردانی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کرد و دووپاتی هەماهەنگی و کاری پێکەوەییان کردەوە.

 

 

ئەمڕۆ ٢٩ تەموز وەفدێکی هاوپەیمانی نیشتمانی بەسەرۆکایەتی ئارام قادر و  ئەندامێتی هەریەک لە سەرگوڵ قەرەداخی و ئاشتی ستار ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی و شوان عوسمان بەرپرسی تیمی وتەبێژانی هاوپەیمانی سەردانی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کردو بە جیا لەگەڵ سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان کۆبوونەوە.

 

 

لەهەرسێ دیدارەکەدا وەفدەکەی هاوپەیمانی وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربونیان و خۆشحاڵی بەوەی لە سەرۆکایەتی پەرلەماندا دوو ژنی بەتوانا بونیان هەیە، پشتیوانی و پاڵپشتی خۆیان دووپاتکردەوە بۆیان و ئامادەیی هەر کارێکی پێویستیان دەربڕی بۆ سەرخستن و بەرەو پێشچونی کارەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان.

 

 

لە تەوەرێکی تری دیدارەکاندا وەفدەکەی هاوپەیمانی باسیان لە گرنگی رۆڵی پەرلەمان لە بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگە کردەوەو کاری پەرلەمانیان زۆر بەرز نرخاند لە چاودێری و بەدواداچوونی کارەکانی حکومەتدا بە ئاراستەی خزمەتی وڵات و نیشتمان، وە پیویستی ڕۆڵی پەرلەمان لە نزیککردنەوەو باشکردنی پەیوەندی نێوان هێزە سیایەکان بە مەبەستی سەقامگیریی سیاسی و  ئارامی وڵات تەئکیدی لێکرایەوە.

 

 

بەشێکی تری دیدارەکان پێکهاتبوو لە باسکردن لەو پرۆژەو بیرۆکەیەی کە هاوپەیمانی کاری لەسەر دەکات کە وەک هێزێکی دەرەوەی پەرلەمان پرۆژەو پێشنیار بداتە پەرلەمان بەمەبەستی ئەنجامدان و چاکسازیکردن و پێشکەشکردنی پرۆژە یاسا بە سەرۆکایەتی پەرلەمان.

 

 

لە بەرامبەردا هەرسێ بەرپرسەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان زۆر خۆشحاڵی و دەستخۆشی خۆیان دەربڕی بۆ هاوپەیمانی بۆ سەردان و بەسەر کردنەوەیەکان و بیرۆکەی کاری سیاسیی هاوپەیمانی کە تا ئێستا ئەزمونی لەوجۆرە بوونی نەبووە کە هێزێک لە دەرەوەی پەرلەمان هاوکار و هەماهەنگی پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان بێت بە ئامانجی خزمەتکردن.

 

 

هەر بارەی سەردانەکەوە شوان عوسمان بەرپرسی تیمی وتەبێژان و ئەندامی شاندەکەی هاوپەیمانی بە دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی ڕاگەیاند “سەردانەکە زۆر سەرکەوتوو  و لە هەرسێ دیدارەکەدا وەفدەکەی هاوپەیمانی ئامانج و دیدی خۆی بۆ سەردانەکەو کاری پەرلەمانی خستە ڕوو ، لە بەرامبەردا هەرسێ بەرێزانی سەرۆکایەتی پەرلەمان سوپاسی هاوپەیمانییان کرد بۆ سەردان و پشتیوانیەکەیان بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتیەکەی”

 

ئەم سەردانەی سەرۆکی هاوپەیمانی و وەفدە باڵاکەی هاوپەیمانی دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا وەفدێکی تری هاوپەیمانی سەردانی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کردو پشتیوانی خۆیان بۆ کاری پەرلەمانی و پرۆسەی دیموکراسی دووپاتکردەوە.