پرۆسەی سەرژمێری لەعێراق دوو ملیار دۆلاری تێدەچێت

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایدەگەیەنێت ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق بەردەوامە و پرۆسەکە بە سێ قۆناغ ئەنجامدەدرێت.

 

 

سەمیر خوزەیر، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی جێبەجێكاریی سەرژمێری گشتی لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دەڵێت: پرۆسەی سەرژمێری پێویستی بە 2 ملیار دۆلار هەیە و لە ئیستاشدا بەردەوامن لەسەر ئامادەکارییە لۆجیستی و تەكنیكییەكان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە.

 

 

سەمیر خوزەیر ڕاشیگەیاندوە، لە پڕۆسەكەدا سیستمی ئەلیكترۆنی لەبری دەستیی بەكاردەهێنن بۆ سەرژمێرییەكەو ئەوەش پێویستی بە كڕینی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان و كەرەستەكان و سێرڤەرو نەخشەو وێنەكان هەیەو هەروەها پێویستی بە ڕاهێنانی كادرانی تەكنیكی و ئەندازەیی و لێكۆڵەران هەیە.

 

 

وتیشی، پڕۆسەكە بە سێ قۆناغ ئەنجام دەدرێت كە قۆناغی یەكەم ژماردنی بیناو خێزانەكانە لەهەر ناوچەیەكداو قۆناغی دووەم ژمارەكردنی بیناكانەو قۆناغی سێیەمیش رۆژی سەرژمێری گشتییە.

 

 

ئەو بەڕێوەبەرە لەبارەی کاتی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە دەڵێت، بڕیارە لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی داهاتودا بەڕێوەبچێت، و ئەو ڕۆژەی پڕۆسەکە ئەنجامدەدرێت لەسەرتاسەری عێراق هاتوچۆ قەدەغەدەبێت تا تەواوكردنی پڕۆسەكە بەشێوەیەكی وردو بە بەشداری سەرجەم عێراقییەكان بەرێوەبچێت.

 

دا. شەهێن وەهاب