بەنداوێک عێراق توشی قەیرانی ئاو دەکات

حكومەتی تورکیا دەستیكردوە بە پڕكردنی گەنجینەی ئاوی بەنداوی ئیڵیسو لەسەر روباری دیجلە، حكومەتی عێراقیش دەڵێت ئەو بەنداوە رێژەی ئاوی عێراق كەمدەكاتەوە.

 

 

 

 

بەپێی زانیارییەکان، بەنداوی ئیڵیسو، كە دەكەوێتە باكوری كوردستان لە باشور و رۆژهەڵاتی توركیا، بەشێكە لە پرۆژەی ئابوری “باشوری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ” كە لەلایەن توركیاوە كاری لەسەردەكرێت و ئامانجی وەبەرهێنانی بڕی هەزار و 200 مێگاوات كارەبای هەیە.

 

 

 

 

سەچاوەکان ڕایانگەیاندوە، ئەو بەنداوە كە لەسەر روباری دیجلە دروستكراوە، و لە ئێستاشدا دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دەروازەكانی ناو بەنداوەكەیان داخستوە و ئاستی ئاوەكەش بەرزتردەبێتەوە،

 

 

 

 

دەسەڵاتدارانی عێراق ڕایانگەیاندوە، ئەم هەنگاوەی حکومەتی تورکیا دەبێتە هۆی كەمبونەوەی ئاستی ئاوی عێراق، لەكاتێكدا دیجلە یەكێكە لە سەرچاوە سەرەكیەكانی ئاو بۆ ئەو وڵاتە و رێژەی لەسەدا 70ی ئاوی عێراق لەڕێگەی هەردوو ڕوباری دیجلە و فوراتەوەیە.

 

 

 

 

بەرزبونەوەی ئاوی بەنداوەكە نیگەرانی دانیشتوانی ناوچەکەی لێکەوتۆتەوە، چونكە لە ئەگەری بەرزبونەوەی زیاتری ئاستی ئاوەكە، ماڵ و ناوچە كشتوكاڵیەكانیان ژێرئاودەكەوێت و هەروەها، بەنداوەكە مەترسی بۆسەر ژینگە و ئاسەوارە مێژوییەكانی ناوچەكە دروستدەكات.

 

داڕشتنەوە. شەهێن وەهاب