هاوپەیمانی نیشتمانی
4, ئاب 2019

سەرچاوەی پیرۆزیی مرۆڤ

پاش خودای بەدیهێنەر كە پیرۆزی ڕەهایە، ئیتر هەر شتێكی پیرۆزی تر هەبێت ڕێژەییە، لە بەدیهێنراوەكاندا مرۆڤ تەنها پیرۆزێكی ڕێژەییە، كە هیچ دروستكراوو بونەوەرێك ناگاتە پلەی پیرۆزی مرۆڤ .
سەرچاوەی پیرۆزیی مرۆڤ
بەدیهێنەری بوون و بونەوەر بەدانایی و زانایی بێسنوری خۆی ئەم پیرۆزیە سەردەستیەی بەمرۆڤ بەخشیوە و هەموو دروستكراوەكانی دیكەی خستووەتە خزمەتی مرۆڤەوە، بە بەشێك لە فریشتەكانیشەوە، هەرچی لە ئاسمانەكان و زەویدایە ڕای هێناوەو ملكەچی كردوون بۆمرۆڤ ، ئەم بڕیارە و ئەم توانایە تەنها خوای بەدیهێنەر دەتوانێت بیدات و كاری پێبكات .
خاڵی جیاوازیی مرۆڤ چیە و چی و چی پێدراوە ؟
لەوانەیە جێگای مشتومڕ نەبێت كەمرۆڤ لەپێشتر بێت لە گیانلەبەرانی دیكە ، یان لەهەر پێكهاتەیەكی گەردوون ، بەڵام ئەشێ جێگای پرسیار بێت ئەی چۆن لەپێشترە لە فریشتەكان ؟
فریشتەكان پێش مرۆڤ دروستكراون و تەنها ئەو ئەرك و كارانەش بەبێ كەم و كورتی ئەنجام دەدەن كە خوای بەدیهێنەر بۆی دیاری كردوون ، بۆیە كاتێك خوای گەورە مرۆڤ دروستدەكات، فەرمان بەفریشتەكان دەكات كڕنوشی ڕێزی بۆ بەرن ، فریشتەكان كەهەرگیز پرسیاریان لەفەرمانی خوانەكردوەو بەدرێژایی ئەو ماوەیەش خوڵقاون كڕنوشی ڕێزیان بۆكەس نەبردوە، جگە لەوەش بەپێی شێوازی پرسیارەكەیان وادیارە پێش ئەو فەرمانە خوای گەورە بۆی باسكردوون كە ئەم مرۆڤانە دواتر یەكتر دەكوژن و گەندەڵیش دەكەن ،بۆیە دەڵێن (أَتجعلُ فيها مِنْ يُفسد فيها ويسفك الدّماء) واتە كەسانێك دەنێریتە سەرزەوی و دەیانكەیتە جێنشینی خۆت بۆ ئاوەدانكردنەوەی زەوی كە فەسادو گەندەڵی و خوێنڕێژی تێدا دەكەن ؟!
لەوەڵامی پەروەدگاری بەدیهێنەردا نهێنییەكە ئاشكرا دەبێت و فریشتەكان دەڵێن (سبحانك) واتە ئەی تاك و تەنهای كاربەجێ ئێمە ئەو زانین و زانستەمان نەبوو .
بۆ ئەوەی پرسیارو وەڵامەكە بۆ فریشتەكان ڕوون بێت و بۆ مرۆڤیش هۆكاری جیاوازیی خۆی بزانێت و باشیش بزانێت بەهای خۆی بەچیەوەیە لێرەدا نافەرموێت (لا يُسْأَلُ عمّا يفعلْ)، بەڵكو ئادەم لەلایەك دەوەستێنێت و فریشتەكان لەلایەكی دیكەو ڕوو دەكاتە فریشتەكان و دەفەرموێ ناوی ئەوشتانەم پێ بڵێن ، دیارە بەپێی لۆژیك شتەكان ئەوانەن كە لەسەرزەوین و پێداویستییەكانی مرۆڤ و ژیانی سەرزەوین و پێشتر خۆی ئادەمی فێركردوەو وەڵامی پرسیارەكەی لایە كەفریشتەكان بەزانست ناوی دەبەن ،
پاشان فەرمان بەئادەم دەكات و دەفەرموێت (أنبئْهُمْ بأسمائِهم)
واتە هەواڵی ناوی شتەكان بەفریشتەكان بڵێ ، ئەویش هەموی ناوبردو فریشتەكان دەست بەجێ بەیەك دەنگ ووتیان سبحانك.
كەواتە خاڵی هێزو جیاوازییەكە، زانست و مەعریفەیە.
ئەوە خاڵ و هۆكاری یەكەمی پلەبەرزیی مرۆڤە و خاڵ و هۆكاریی دووەمی هێزو جیاوازی مرۆڤ بریتیە لەو ڕۆح و گیانە تایبەتەی كە بەمرۆڤی بەخشیوە ،
خوای بەدیهێنەر بۆ هیچ دروستكراوێكی ناڵێت لەڕوحی خۆم یان لە ڕۆحی خۆمان فومان پێداكردوە تەنها بۆ مرۆڤ دەفەرموێت ، لەباسی ئادەمدا
(ونفختُ فيهِ مِنْ روحي) (ونفخنا فيهِ مِنْ روحنا)
ئە م ڕۆح و گیانە جیاوازیەكەی چیە ؟
بەهۆی ئەم ڕۆح و گیانە تایبەتەوە مرۆڤ كۆتایی نایەت و هەتاهەتایە دەمێنێت ، و لەدونیاش جێنشینی پەروەدگاری بەدیهێنەرە بۆ ئاوەدانكردنەوەی سەرزەوی.
فریشتەكان حەزیان لەو پلە گەورەیەبوو كەبەمرۆڤ درا
پلەی جێنشینی بەو زانست و مەعریفەیەوەو بەو ڕۆح و گیانە تایبەتەوە تەنها فریشتەكان قەدری باشی دەزانن بۆیە بەڕوونی لەپرسیارەكەیاندا دیارە كەدەڵێن (أتجعلُ فيها منْ يفسدُ فيها ويسفك الدّماءَ ونحن نسبحُ بحمدكَ ونقدّسُ لكَ) خوای بەدیهێنەریش لەوەڵامدا دەڵێت
(إني أعلمُ مالا تعلمونَ ).
نافەرموێت چیتان پێ دەڵێم هەرئەوەیە و دەبێت بێ پرسیارو ڕونكردنەوە جێبەجێیبكەن ، بەڵام مرۆڤ كاتێك لەدونیاداو لەكاتی دەسەڵات و لەبەر ڕۆشتنیدا زۆرجار فەرمانی وادەردەكات كە كەسە دەستەبژێرەكانیشی بۆیان نیە نەپرسیارو نەڕێگری بكەن و هەندێك جار ئەوفەرمانە ژین و ژیان و گوزەرانیش تێك دەدات و خراپی دەكات.
مرۆڤ هەرئەوەندە نیەو چیرۆكی لێرەدا كۆتایی نایەت
مرۆڤ بۆ نەمری بەدیهێنراوە ، جێگای شایستەی مرۆڤ بەهەشتی نەبڕاوەیە ، ئەوەی پێی دەڵێین مردن تەنها ناوە بۆدەرچوونی ڕۆح و گیان لەجەستە و گواستنەوەی لەم قۆناغەی بوون و ژیانە كە قۆناغی زمكانی سنوردارە، واتە زەمان و مەكانی سنوردارو دیاریكراوە بۆ سەرەتای قۆناغی زمكانی ڕەهاو بێ سنوور، كەلەجیهانی ڕۆح و گیانی دوور لەجەستەوە دەست پێدەكات و لەكاتێكی دیاریكراودا كە بەدیهێنەر خۆی دەزانێت كەیەو چۆنە ڕۆحەكان دەكرێنەوە بە جەستەكانداو ژیانی هەتا هەتایی دەست پێدەكات .
مرۆڤ دەگەڕێتەوە ئەوجێگایەی یەكەم جار پێی ئاشنا بووە.
پەروەردگاری بەدیهێنەر یەكەمجار ئادەم و حەوای باوك و دایكمان لەبەهەشت نیشتەجێ دەكات پێی ئاشنا دەبن و چێژی لێدەبەن و لەنازو نیعمەتەكانی دەخۆن و بەهرەمەند دەبن و دەچێتە ناو خوێن و جیناتیان و ڕۆح و نەفسی مرۆڤ تێكەڵ و ئاوێتە دەبێت بەو خۆشیە بێ سنوورە، بۆیە لە دونیا نە بەهیچ ڕازی دەبێت و نە لەهیچ تێر دەبێت نە تاسەر بەهەموو شتێك قایل دەبێت .
هەموو مرۆڤەكان دەڕۆنە بەهەشت جگە لەیەك كەس.
تەنها ئەوكەسە شایستەی بەهەشت نیە وئەومافەی لێدەسەنرێتەوە كە باوەڕی بە خواو زیندوبونەوەو بەهەشت نیە ، لێرەدا پێویستە ئەوەش بڵێین كە بێ باوەڕ كێیە؟
بێ باوەڕ ئەوكەسەیە كە پەیامیان پێگەشتوەو ڕاستییان بیستوەو حەق وڕاستیان پێ گەشتوەو بەتەواوی قەناعەتەوە ئینكاریی دەكەن ، بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت (وما كنّا معذّبين حتىٰ نبعث رسولاً)
واتە ئێمە ئەشکەنجە نادەین تاوەكو پەیامنێر نەنێرین، لەدوای قسەو فەرمانی پەروەردگاری بەدیهێنەر قسەی كەس حسابی بۆ ناكرێت چونكە ئەو مافە تەنها بەڕەهایی و بێ هاوبەش بۆئەوە ، ئەوەش لە دادپەروەریی ئەو دەوەشێتەوەو موڵكی ڕەهای خۆیەتی كەسێكی لێبێبەش ناكات كە فەرمان و پەیامی پینەگەشتبێت یان بەسەقەتی وكەم و كورتی و بێ سەروبەری پێی گەشتوە ..
بەهای بەهەشت
بەهای بەهەشت یان باوەڕ بەخواو زیندووبونەوەیە ، یان بێ ئاگایی و پێنەگەشتنی پەیامی خوایە ، ئەوكاتە حساب ولێپرسینەوە لەگەڵ ئەوخەڵكە بەپێوەرەكانی كاری باش و خراپ و دادپەروەریی و ستەم دەكرێت نەك پێوەرە كانی ئیمان و پەرستشەكان ئەو لێپرسینەوەش بۆ ئەوەیە، هەموو ئەوانەش كە پەیامیان پێنەگەشتوە وەك یەك ناڕۆنە بەهەشت چونكی هەیان هەزار ئەوەندەی ئیماندارێكی بێ كردار یان ستەمکار یان مافخۆر یان خراپەكار باشبوەو خزمەتی بەم ژیان و ژین و ژینگەیە كردوە و هەشیانە هیچ خێرو بێرێكی بۆ مرۆڤ و ژینگە نەبوە تەنها ئەوەندەی بۆ دەمێنێتەوە كە مرۆڤە ، كەواتە پێوەرەكە پێش ئیمان بریتیە لە پشكداری هەرمرۆڤێك لە ئاوەدانكردنەوەی سەرزەوی و جوان مامەڵە كردن لە گەڵ یاساو ڕێساكانی بونەوەر .
چونە بەهەشت مانای لێنەپرسینەوە نیە.
ووتمان بەهەشت بۆمرۆڤ دروستكراوەو دوامەنزڵی هەتاهەتایی مرۆڤە بەڵام عەدالەتی خوای پەروەدگار لێپرسینەوەیە، بۆ ئەوەی پلەكانی بەهەشت یان درەنگ و زوو گەیشتن بەبەهەشت، یان پلەكانی سزادان، بەپێی كارو كردەوەكانی دونیایەو هیچ پلەو نازو نیعمەتێك لەهەوانتەو خۆڕایی نیە و نابێت.
محەمەد ڕەئوف