ڕێگای نێوان موسڵ _ هەولێر داخرا

دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارێکی بۆ دورخستنەوەی هێزە میلیشیاکان لەدەشتاییەکانی نەینەوا دەرکرد، ئەمڕۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی لە دژی ئەو بریارە رێگای سەرەکی نێوان پارێزگای موسڵ و هەولێریان داخست.

 

 

ئەمڕۆ دووشەممە، بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی رێگەی نێوان هەولێر ‌و موسڵیان داخست ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە دژی بڕیارێکی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە بڕیاری داوە ئەو بازگەیەی حەشدی شەعبی هەیە كەدەکەوێتە نێوان شارۆچکەی كەڵەک ‌و قەزای حەمدانییە، بیگۆڕێت بۆ بازگەی پۆلیسی ناوخۆی موسڵ، ئەوەش ناڕەزایی حەشدی شەعبی ‌لێكەوتووەتەوە و بەو جۆرەش رێگەكەیان داخستووە.

 

 

میدیا عێراقیەکان بڵاویانکردۆتەوە، نیگەرانی حەشدی شەعبی لەوەوە هاتوە کە حکومەتی عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی فراوانی بۆ ناوچەکانی نەینەوا و دیالە دەستپێکردوە و رۆڵی حەشدی شەعبی پەراوێزخستوە.

 

هەواڵ. شەهێن وەهاب