وەزیری پێشمەرگە: هێزی پێشمەرگە کوردستان و بەرگری عێراق کۆدەبنەوە

وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، هێزی پێشمەرگە کوردستان و سەربازی عێراقی لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆدەبنەوە.

 

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، لە میانی بەسەرکردنەوەی  سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بە میدیاکانی راگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حکومەتی عێراق لە ئاستێکی باشدایە، و دوای جەژن گفتۆگۆکان لەگەڵ شاندی باڵای سەربازی عێراقی دەستپێدەکەنەوە بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە ناوچە کوردستانییەکان دروست بووە.

 

بەپێی زانیاریەکان، لەماوەی پێشودا دوو لیژنە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق پێکهێندرا و چەندین کۆبونەوە ئەنجامدراوە لە نێوانیان، لە ئێستاشدا  لیژنەی وەزارەتی پێشمەرگە چاوەڕێى حکومەتی عێراق دەکەن، بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی کۆتایی تا بگەنە ئەنجام.

 

وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدایە هێزەکانی ڕێکبخاتەوە، و ئەوەش بە هەماهەنگی و هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پلانی ڕێکخستنەوەکە دادەڕێژن.

 

هەواڵ. شەهێن وەهاب