تاران: وەزیری ناوخۆی عێراق و هاوتا ئێرانیەکەی کۆبونەوە

وەزیری ناوخۆی حكومەتی عێراق بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە تاران-ی پایتەخت و لەگەل هاوتا ئێرانیەکەی یاداشتێكی هاوكاریی هاوبه‌شیان له‌ نێوان هه‌ردوولا واژۆ كرد.

 

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگەیاندوە، یاسین یاسری، وه‌زیری ناوخۆی عێراق له‌گه‌ڵ عه‌بدولره‌زا ره‌حمان فه‌زڵی، وه‌زیری ناوخۆی ئێران یاداشتێكیان بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی زیاتر له‌ بواری ئاسایش له‌ نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كانیان واژۆ كرد.

 

هه‌ر به‌ گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، “یاسری له‌ میانه‌ی دیداره‌كه‌یدا جه‌ختی له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان به‌غدا و تاران كردووه‌ته‌وه‌ و دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، حكوومه‌تی عێراق پابه‌نده‌ به‌ پارێزگاریكردن له‌و په‌یوه‌ندییه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات و خه‌ڵكه‌كه‌ی”.

 

له‌ به‌رامبه‌ریشدا عه‌بدولره‌زا ره‌حمان فه‌زڵی، وه‌زیری ناوخۆی ئێران گوتی،” به‌گوێره‌ی ئه‌و یاداشته‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی واژۆمان كردووه‌، ڤیزای گه‌شتكردن له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات لابراوه‌ و ئاستی خزمه‌تگوزاری و ئاسانكارییه‌كانیش له‌ بواره‌كانی دیكه‌ به‌رزده‌كرێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت بۆ زیاره‌تكارانی ئه‌ربه‌عینییه‌”.

 

وه‌زیری ناوخۆی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، “یاداشته‌كه‌ ئاسایشی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و ئێران به‌هێزتر ده‌كات”.

 

هەواڵ. شەهێن وەهاب