داهاتی نەوتی هەرێم بڵاوکرایەوە

کۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی وردبینی داهاتی نەوتی سێ مانگی ساڵی ڕابردووی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە لە ھەر سێ مانگەکانی تەموز و ئاب و ئەیلولی ٢٠١٨ دا  ھەرێم  ٣٥ ملیۆن و ٢٤٨ ھەزار و ٨٥٢ بەرمیل نەوتی خاوی بە بۆری ھەناردەکردووە کە داھاتەکەی زیاتر لە دوو ملیار دۆلاربووە.

 

ئەوەشی تێدا ھاتووە،  بڕی٣٢٩ ھەزار و ٨٢٠  بەرمیل نەوتی خاو بۆ  ئاڵوگۆڕکردنی بەرامبەر دیزڵ و سووتەمەنی نەوتی قورس بۆ بەکارھێنان لە وێستگەکانی وزەی سەر بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان  بە کارھێنراوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو،   ھەر لەو سێ مانگەدا بڕی ١٧٤ ھەزار و ٧٦٢ بەرمیل نەوت لە ناوخۆدا فرۆشراوە ، کە داھاتەکەی بریتیبووە لە ١١ ملیۆن و ٨٣٧ ھەزار و ٢٧٦ دۆلار.

 

کۆمپانیای دیلۆت  ئەوەشی ئاشکراکردووە،  لەو سێ مانگەدا ھەرێم بڕی ٢ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن  و ٥٧٢ ھەزار و ٥٠٨ دۆلاری  داھاتی نەوتی فرۆشراوی ھەبووە و کە تێکڕای نرخی فرۆشراوی ھەر بەرمیلێک بە  ٦٣.٠٩٨ دۆلاربووە.

 

دیلۆیت بۆ وردبینی و ڕاوێژکاری لە ساڵی ١٨٤٥  بۆ کاری وردبینی لە لەندەن دامەزراوە و خزمەتگوزارییەکانی لەبواری  وردبینی و ڕاوێژکاری دارایی و کارگێڕیدایە،ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت و گازەوە کاری وردبینی پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی پێسپێرراوە.