کاتی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن ڕاگەیەندرا

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كاتی دەوامی ناوەندەكانی خوێندنی ڕاگەیاند کە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو لە ناوەڕاستی مانگی نۆ دەستپێدەکات.

 

سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، كاتی دەوامی سەرجەم ناوەندەكانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە 15ی 9 دەستپێدەكات.

 

وتیشی، هەموو ئەو هەواڵانەی لەبارەی دواخستنی كاتی دەوامی ناوەندەكانی خوێندن بڵاوكراوەتەوە، راست نییە و هاوشێوەی ساڵانی پێشوو سەرەتای دەوامی ناوەندەكانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بەشێوەیەكی گشتی لە ناوەڕاستی مانگی نۆ دەستپێدەكات ‌و هەندێ‌ جاریش دەكەوێتە سەرەتای مانگی دە.

 

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، هەر گۆڕانكارییەك لەكاتی دەوامدا رووبدات ئەوان وەك وەزارەت بەفەرمی بڵاویدەكەنەوە.

 

هەواڵ. شەهێن وەهاب