زەماوەندی پیرشالیار

ئەم جەژنە ۳۰/۱ بۆ ۲/۲ی هەموو ساڵێک لە هەورامانی تەختی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دەدرێت .

 

جەژنی پیرشالیار مێژویەک و پیرۆزیەکی تایبەتی بەلای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی و وڵاتانی تر بەگشتی هەیە ، چونکە ساڵانە بەدەر لە خەڵکی ڕۆژهەڵات لە پارچەکانی دیکەی کوردستان یاخود وڵاتانی دەرەوە گەشتیاران و ڕۆژنامەنوسان ڕوودەکەنە هەورامان بۆ ئەو جەژنە.

 

دەگێڕنەوە پیرشالیار کەسایەتیەکی ئاینی ڕێزدار بووە, خودا منداڵی پێنەبەخشیوە بۆیە خەڵکی پەرۆشی ئەوەبوون ئەم پیاوە ئاینیە وەچەیەکی هەبێت خودا منداڵێک بە پیرشالیار دەبەخشێت و ناوی دەنێت عەبدوڵا.

 

بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر نەتواندراوە لەیەکەم ڕۆژ هەواڵی لەدایکبونەکە بدرێتە خەڵک دوای چەند ڕۆژێک هەواڵەکە بڵاوکراوەتەوە و دانیشتوانی ناوجەکەی دڵخۆس کردووە و بەشێوەی جیاواز خۆشییان دەربڕیوە .

 

زەماوەندی پیرشالیار لە کچە پاشای بوخاراوە سەرچاوە دەگرێت, کچی پاشا توشی نەخۆشی دەرونی دەبێت و هیچ حەکیم و زانایەک ناتوانن چارەسەری بکەن، داوا دەکرێت بیبەن بۆلای پیرشالیار پاشا دەڵێت ئەگەر توانی چاکی بکاتەوە ئەوا کچەکەمی پێکەش بکەن کچی پاشاش لەسەر دەستی پیرشالیار چاکدەبێتەوە و زەماوەندی پیرشالیار ڕێکدەخرێت .

 

هەر لەم چەن ڕۆژەدا کۆمەڵێک مەراسیم ئەنجام دەدرێت وەک مەراسیمی کۆمسای کە تێیدا خەڵکی سەردانی چلەخانەی پیرشالیار دەکەن, کە پیر شالیار لەم چلەخانەیەدا چل شەو ماوەتەوە و قسەی لەگەڵ خودای خۆیکردووە.

 

مەراسیمی بەردتاشینی هەیە کەوەک خێرو شیفایەک خەڵکی دەیتاشن و دواتر ئەو بەردە پڕدەبێتەوە و خۆی دروستدەکاتەوە.

 

دەگێڕنەوە بەهۆی وشکەساڵیەوە خەڵکی هاتون بە پیرشالیاریان وتوە کە چیبکەن؟ ئەویش پێی وتون “لەو بەردە دابتاشن و بیکەن بە مەشکەی حەیوانەکانتانەوە تاکو ڕزق و ڕۆزیتان بۆ بهێنێت”.

 

چەندین ساڵە حەوت بنەماڵە لە هەورامانی تەخت ئەرکی ئەم جەژن و زەماوەندەیان گرتوەتە ئەستۆ و هەموو ساڵێک لەبەردەم ماڵی پیرشالیار بە دەف و ڕێوڕەسمی تایبەت ئەو جەژنە سازدەدرێت.

 

ئامادەکردنی؛ کیژان لەیلی