بەغداد؛ ئه‌مینداری كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق كۆ ده‌بێته‌وه‌ 

بچووکردنەوە گەورەکردن
ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی دێتە به‌غدا و له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق كۆ ده‌بێته‌وه‌ و تاوتوێی چه‌ندین دۆسیه‌ی گرنگی نێوان عێراق و كۆمكاری عه‌ره‌بی دەکات.
ئه‌حمه‌د ئه‌بوغێت ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌سه‌ر داوای محه‌مه‌د حه‌كیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، سبه‌ی سێ شه‌مە بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە به‌غداد، و له‌گه‌ڵ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ کۆدەبێتەوە به‌ وردی باس له‌ پێوه‌ندییه‌كانی كۆمكاری عه‌ره‌بی و عێراق ده‌كات.
وابڕیارە لە سەردانەکەدا، دۆخی كۆمكاری عه‌ره‌بی ڕوونبکرێتەوە، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاوی عێراق ڕوون بێ چونكه‌ دوای ته‌واوبوونی سوودان له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عه‌ره‌ب، عێراق ئه‌و پۆسته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات، و دۆخی وڵاتانی عه‌ره‌ب و كێشه‌كانی گه‌رووی هورمز گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
هەروەها، دۆسیه‌ی تیرۆر و هاریكاری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌ وێرانبووه‌كان، به‌ وردی باسیان لێوه‌ ده‌كرێت.
هەواڵ. شەهێن وەهاب