شێوازێکی نوێ بۆ کاری تەکسی دیاریدەکرێت

بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی ڕایگەیاند پرۆژەی وێستگەی تەکسی لە بواری ئامادەکاری تەواودایە هەلی کارکردن بۆ ئەو کەسانە دەڕەخسێنین کە بێجگە  لە کاری شوفێری هیچ کارێکی دیکەیان نیە.

 

سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستەوەی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای هاپەیمانی ڕاگەیاند “لە پێناو ڕێکخستنی کاری گواستنەوە بە گشتی و کاری تەکسی بەتایبەتی ماوەی دووساڵە سەرقاڵی ئامادەکرنی پرۆژەیی وێستگەی تەکسین بۆ شاری سلێمانی”.

 

ناوبراوا وتیشی “دوای دیراسەکردنێکی ٦ مانگی گەشتین بەو ئەنجامەی کە ئێمە تەنها پێویستمان بە ۳ هەزار تەکسی هەیە، بەڵام لە ئێستادا زیاتر لە ۱٨ هەزار تەکسی لە شەقامەکاندا دەبینرێت”.

 

ویشی “ئەو ڕێژە زۆرەی تەکسی لەسەر شەقامەکان بۆتە هۆی پیسبوونی ژینگە و ڕۆژانە ڕێژەیەکی زۆر بەنزین دەسووتێنن”.

 

ئاماژەی بەوەشکرد “لە ئێستادا بە هاوبەشی لەگەڵ گروپی کۆمپانیاکانی شێنێ سەرقاڵی دیزاینکردنی ئەو پرۆژەیەن و بە پێی گەڕەک و شوێنە گشتیەکان وێستگەکان دادەنرێت هاوڵاتیان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە دەتوانن پەیووەندی بە وێستگەکانەوە بکەن و بۆ شوێنی مەبەست بیانگوازنەوە”.

 

سەبارەت بە نرخ و کرێی گواستنەوەی تەکسیەکان بۆ شوێنە جیاوازەکان ناوبراو ووتی “کرێی گواستنەوە وەک خۆی دەمێنێتەوە و زیاد بوون یان کەم بوون پەیووەندی بەو گۆڕانکاریەوە هەیە کە لە نرخی سوتەمەنیدا ڕودەدات”.

 

ڕاشیگەیاند “ئێمە هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە خزمەت بە هاوڵاتیان بکەین و سەرەڕایی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی شەقامەکان،دەرفەتی کارکردن بۆ ئەو کەسانە بڕەخسێنین کە بێجگە لە شوفێری تەکسی هیچ کارێکی دیکەیان نیە”.

 

ناوبراوا ئاماژەی بەوەشکرد “ئەو کەسانەی مۆڵەتی گشتیان هەیە و دەیانەوێت کاری شوفێری تەکسی بکەن دەتوانین سود لە مووچە خۆران و فەرمانبەرانیش وەربگرین تەنها لە حاڵەتی پێویستی و بە پێی سیستەمی بایۆمەتری و ڕەچاوی ڕێژەی مووچەکەی دەکرێت و لە کەمترین مووچەوە دەست پێدەکات بۆ پڕکردنەوەی پێویستیەک ئەگەر هەبوو لە پرۆژەکەدا”.