عێراق گەشە بە کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی دەدات

بچووکردنەوە گەورەکردن

عێراق لە پڕۆژەیدایە گەشە بە کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی بدات، هاوکات بەریتانیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە پشتیوانی دارایی بکات.

 

 

وەزیری گواستنەوەی عێراق لەگەڵ گراهام ستیوارت وەزیری دارایی بەریتانیا کۆبووەوە، دواتر وەزیری گواستنەوەی عێراق عەبدوڵا لعێبی ئەوەی خستەڕوو، بەریتانیا ئامادەیی خۆی پیشانداوە پشتیوانی دارایی هێڵی ئاسمانی عێراق بکات بۆ کڕینی فرۆکەی جۆری بۆینگ ٧٨٧.

 

 

لعێبی ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق پێشتر سەبارەت بە پێشخستنی هێڵی فرۆکەوانی عێراق گرێبەستی لەگەڵ ڕێکخراوی ئایاتا واژۆ کردووە.

 

 

جەختی لەوەشکردەوە، حکومەتی عێراق کار بۆ پێشخستنی کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی عێراق دەکات بە گشتی.

 

 

فڕۆکەی بۆینگ ٧٨٧، لە لایەن کۆمپانیای بۆینگ بۆ دروستکردنی فڕۆکەی مەدەنی دروستکراوە و شوێنی ٢١٠ بۆ ٣٣٠ سەرنشین دەبێتەوە بەپێی دیزاینی کورسییەکانی.

 

کۆمپانیای بۆینگ رایگەیاندووە ئەو جۆرە فڕۆکەیەی باشترینە لەڕووی بەکارهێنانی سووتەمەنییەوە و بەڕێژەی ٢٠٪ کەمتر سووتەمەنیی پێویستە بەراوردە بە فڕۆکەی دیکەی هاوشێوەی.

هەواڵ. پیشکەوت خلیل