یەک هەڵوێستی و یەک لیستی لە کەرکوک چی بە شارەکە دەبەخشێت؟

بچووکردنەوە گەورەکردن

ژوری هەواڵ – ڕاپۆرت

 

تادێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نزیکتر دەبێتەوە و لایەنە کوردیەکانی کورکوکیش دوای چەندین کۆبوونەوە بڕیاریاندا بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن.

 

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، تێیدا ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵدەبژێردرێن و پاشانیش لەسەر بنەمای دەنگی لایەنەکان پارێزگارەکان دادەنرێن.

 

پرسی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییە کوردیەکان لەناوچە جێناکۆکەکان یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی کە هەر لە سەرەتاوە بووەتە جێی باس و زۆرێک لە لایەنە سیاسیەکان بانگەشەیان بۆکردووە.

 

هاوپەیمانیی نیشتمانی وەکو یەکێک لەو لایەنە سیاسیانەی کە بەردەوام بانگەشە بۆ پێکەوەیی و کاری هاوبەش کردووە، هەر لە سەرەتاوە ئاماژەی بەوەکردووە کە لەگەڵ دروستکردنی یەک لیستدایە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

 

کامیل جەلال بەرپرس دەڤەری کەرکوکی هاوپەیمانیی نیشتمانی هەنگاوی دروستکردنی یەک لیستیی لە کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە گرنگ دەزانێت و جەخت دەکاتەوە کە ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنییە و کاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی کورد لەو شارە.

لایەنە سیاسییە کوردیەکانی کەرکوک بەبێ ئامادەبوونی پارتی کۆبوونەوەکانی دانوستان بۆ پێکهێنانی یەک لیستییان ئەنجامدا.

 

بەڵام دوای ئەوەی گەیشتنە دوا بڕیار، ڕەوەند مەلا مەحمود نوێنەری یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا کە وەکو قسەکەری کۆبوونەوەکە دەستنیشان کرابوو، رایگەیاند “پارتی لەگەڵ شیوعی کۆبووەتەوە و ئەویش پشتیوانی ئەم هەنگاوە دەکات و لەگەڵ یەک لیستیدایە”.

 

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ٤١ کورسی پێکهاتووە و بەسەر پێنج فراکسیۆندا دابەشبوون و گەورەترین فراکسیۆنی ناو ئەنجومەنەکە فراکسیۆنی برایەتییە.

 

دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکە لە کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥ ئەنجامدراوە و بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و ئاڵۆزییە ئەمنیەکانی ناوچەکەوە، لەوکاتەوە هیچ هەڵبژاردنێکی تر ئەنجامنەدراوە.

 

لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کە هێزەکانی پشمەرگە لەو شارە کشانەوە و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دۆسیەی ئەمنیی شارەکەیان گرتە دەست و پارێزگاری پێشوو کە کورد بوو لابرا و ڕاکان جبوری وەکو پارێزگاری بەوەکالەت دانرا، ئەنجومەنی پارێزگا هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەداوە.

 

هەرچەندە چەند جارێک هەوڵدراوە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ساز بکرێت بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێژەی یاسایییەوە هەوڵەکان شکستیان هێناوە.

 

پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە پارتی و یەکێتی ڕێککەوتبن بۆ دانانی تەیب جەبار وەکو پارێزگاری کەرکوک، بەڵام وا زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستنیسانکردنی ناوبراودا تێپەڕیوە و تا ئێستا دەستبەکار نەبووە.

 

کەرکوک بە یەکێک لە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵیی عێراق دانراوە و لە دەستوردا مادەی ١٤٠ تەرخانکراوە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان.

 

بەگوێرەی ئەو مادە دەستورییە دەبێت بە سێ قۆناغ چارەنوسی ناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی بکرێتەوە کە قۆناغەکانی “ئاساییکردنەوە، قەرەبووکردنەوە، سەرژمێریی” لەخۆگرتووە.

 

هەرچەندە دەبوو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ ئەو مادەیە جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و دۆخی ئەو ناوچانە وەکو خۆیان ماوەتەوە.

 

هەرچەندە باس لەوە دەکرا کە مادەی ١٤٠ی دەستور کۆتایی هاتووە و جێبەجێ ناکرێت، بەڵام دادگای فیدراڵیی عێراقی، لەدوایین بڕیاریدا ئاماژەی بەوەکرد کە کاتی جێبەجێکردنی مادەکە درێژکراوەتەوە و دەبێت جێبەجێ بکرێت.

 

ئێستا کەرکوکیەکان چاوەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانن بۆئەوەی نوێنەری خۆیان بنێرنە ئەو ئەنجومەنەی کە تێیدا بڕیار لە چارەنوسی ئەوان دەدات، ئەنجومەنێک کە ١٤ ساڵە نوێ نەبووەتەوە.