ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد

بچووکردنەوە گەورەکردن

ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە و چەند تەوەرێک گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

 

ماڵپەڕی فەرمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و ئەندامانی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە رۆژی 8 ی ئەیلول لە هەولێر بەسترا خستەڕوو.

 

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، وەزیری پلاندانان راپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی سەرژمێری لە عێراق پێشکەش کرد کە بڕیارە ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت، و  هەروەها تیشکی خستە سەر لایەنەکانی ئەم پڕۆژەیە و ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێرێت بۆ هەلسەنگاندنی پڕۆژەی سەرژمێرییەکە بەرەچاوکردنی بەرژەوەندی کوردستانییان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە .

 

بڕیاریشدراوه‌، لیژنەکانی (دارایی، نەوت وگاز، یاسایی) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشتی هەرێمی کوردستان بکرێن.

 

لە کۆبوونەوەکەى ئه‌مڕۆ بڕیار درا، هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕکردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لە بارەی میکانیزمی نوێ بۆ رێکخستنەوەی باج کرد بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت، لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی پەیڕەوی تایبەت بە تیانووسی بازرگانی ( الدفاتر التجاریة)ی پەسەند کرد کە میکانیزمی نوێ لە خۆدەگرێت بۆ رێکخستنەوەی باج.

 

هەواڵ. شەهێن وەهاب