ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

بچووکردنەوە گەورەکردن

ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەیەکدا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد، دیارترینیان ڕیکخستنەوەى خاڵە گومرگییەکان و وەرگرتنەوەى قەرزەکانى حکومەتە لاى جوتیاران.

 

ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی کۆبۆوە، و چەند بڕیارێکی دەرکرد، وگرنگترینیشیان ڕێکخستنەوە و هەماهەنگیکردن لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە “بڕگەی دووەمی کۆبووەنەوەکە تایبەت بووە بە خستنەڕوی بابەتی قەرزە کشتوکاڵییەکان کە 8 هەزار و 868 جوتیار سوودمەند بوون لەو قەرزانە، کە بڕی 222 ملیار و 533 ملیۆن دینار لاى ئەو جوتیارانەیە، ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزیری کشتوکاڵ و دارایی ڕاسپاردووە بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی بۆ چۆنیەتی گێڕانەوەی قەرزەکان بە شێوەیەک لەگەڵ باروگوزەرانی جوتیاران بگونجێت”.

 

هەروەها، بڕیاریداوە لیژنەیەکی یاسایی پێکبهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی کە پێویستە لەم وەزرە یاساییەدا بنێردرێنە پەرلەمانی کوردستان.

 

ئەوەشی خستۆتەڕوو، گفتوگۆی لەبارەی پێداچونەوە بە میکانیزمەکانی پاراستنی مافی خاوەندارێتی هزریکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ستانداردە جیهانییەکان و پاراستنی خاوەن مافە هزرییەکان لە بوارەکانی هونەری، بازرگانی، پیشەسازی و کشتوکاڵی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندیدارەکان راسپێردران کە کاری پێویست ئەنجام بدەن.

 

هەواڵ. شەهێن وەهاب