شلێر کۆیی بۆ ژنان: تەحەدای هەموو ڕێگرییەک بکەن

شلێر کۆیی ڕایگەیاند لە سەرەتاوە براکەی یارمەتیدەری بووە بۆ ئەوەی لەبواری هونەردا کار بکات و داواش لە ژنان دەکات تەحەدای هەموو ئەو ڕێگرییانە بکەن کە دوچاریان دەبنەوە.

 

شلێر کۆیی هونەرمەندی دیار و بەئەزموونی بواری شانۆ و نواندن تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی ژنان، بۆ دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی دوا و تیشکی خستە سەر سەرەتای دەستکردن بە کاری هوونەری و باسی لە کارکردنی ژنان کرد لە بواری هونەردا.

 

شلێر کۆیی سەبارەت بە ڕێگرییەکانی سەرەتای دەستکردن بە کاری هوونەری، ئاماژەی بەوەکرد “من کەس ڕێگری لێنەکردووم چونکە من لە خێزانێکی هونەردۆست بووم من هەر بە بۆنەی براکەشمەوە حەفتاکان هاتومەتە بوارەکەوە هیچ ڕێگریەک نەبووە بۆ من نە خێزانم نە لە دەرەوە، هەندێ جار لە دەرەوە قسە هەبووە بەڵام من گوێم نەداوەتێ و بەردەوام بووم”.

 

سەبارەت بە جیاوازی ئێستا و ڕابردوو بۆ کارکردنی ژنان لە بواری هونەردا. کۆیی ڕوونیکردەوە “جیاوازییەکە زۆر زۆرە لە ڕابردوودا پیاو ڕۆڵی ژنی دەبینی، ژن نەبوو بێتە سەرشانۆ، بەڕاستی ئێمە کە هاتوینەتە سەر شانۆ بە بۆنەی براکانمانەوە یان مێردەکانمانەوە یان خزمێکمان کە لەبوارەکەدا ئیشیکردوە هاتووین ئێستە بەخۆشحاڵییەوە پەیمانگای هونەرە جوانەکان هەیە ،زانکۆ هەیە، جاران خوێندکار دەهات دەیخوێند دواتر وازی دەهێنا دەچوو لە لادێیەک دەبوو بە مامۆستا ئیتر نەمانەبینیەوە لەسەر شانۆ هەر ئەو ماوەی لە پەیمانگابوو ئیشی ئەکرد”.

 

ئەو خانمە هونەرمەندە خۆشحاڵە بە ڕۆڵی ژنان لە بوارە جیاوازەکانی هونەردا و رایگەیاند “ئێستا ژن زۆرە لە هەموو بوارەکان لە سینەما لە دراما لە مۆسیقا و شانۆ کاردەکەن ئەوەش جێگەی خۆشحاڵی و دەستخۆشییە و دەبێت هانیان بدرێت”.

 

ناوبراو وتیشی “ئامۆژگاریم بۆ ژنان و کچان ئەوەیە هیچ شتێک پشتیان سارد نەکاتەوە نە ناوزڕاندن و نە قسەی ناخۆش و نە ڕەخنەگرتنی ناشیرین ساردیان نەکاتەوە، بەردەوامبن، تەحەدای هەموو شتێک بکەن بۆ ئەوەی کارەکانیان بەرەو پێش ببەن و خزمەتی بواری هونەر بکەن”.

 

سەبارەت بە چالاکیەکانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە، شلێر کۆیی ئاماژەی بەوەکرد “دوانزەی مانگ لە هەولێر ڕێزلێنان بۆ من و ٢٤ خانمی تر دەکرێ هەر بە بۆنەی هەشتی مارسەوەیە و مەراسیمێکی تایبەتی بۆ سازدەکرێت”.