هاپەیمانی پشتیوانی خۆی بۆ فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچونی حکومەت دووپاتکردەوە

بچووکردنەوە گەورەکردن

وەفدێکی هاوپەیمانی نیشتمانی سەردانی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچونی حکومەتی هەرێمیان کردو پشتیوانی و پاڵپشتی خۆیان بۆ فەرمانگەکە دووپات کردەوە.

 

وەفدێکی ھاوپەیمانی کە پێکھاتبوو لە  ڤالنتینا عبدالرحمن ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی و شوان عوسمان بەرپرسی تیمی وتەبێژان و شیراز عبدالغنی ئەندامی نووسینگەی سەرۆکی ھاوپەیمانی سەردانی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمیان کرد.

 

وەفدەکەی هاوپەیمانی لەلایەن د.عبدالحکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکراو لە دیدارێکدا باس لە گرنگی رۆلی ئەم دامەزراویە کرا لە چوارچێوەی بەدواداچوونی کاری حکومەت و ھەماھەنگی نێوان تەواوی دامەزراوەکانی.

 

هەر لەدیدارەکەدا وەفدی ھاوپەیمانی ئامادەیی نیشاندا بۆ ھەموو ھاوکاری و پاڵپشتیەکی پێویست بۆ ئەوەی ئەم دامەزراوەیە ڕۆڵی خۆی ببینێت لەجێبەجێکردن و بەدواداچوون بۆ کارنامەی حکومەت و دەوڵەمەندکردنی ئەم کارنامەیە بەڕا و بۆچوون و پێشنیار لەبەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان.

 

سەرۆکی فەرمانگەی بەدواداچونی حکومەتی هەرێم زۆر خۆسحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانەکەو بە گرنگییەوە باسی لە هەماهەنگی نێوان یەکە ئیدارییەکان و هێزە سیاسیەکان کرد بەمەبەستی ئاگاداربوون لە هەر کێشەو کەموکورییەک کە لە فەرمانگەو دامەزراوەکانی حکومەتدا هەبێت بەمەبەستی چارەسەر کردنی و وەرگرتنی ڕێوشوێنی پێویست بۆی.

 

هاوپەیمانی لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر ئاستەجیاوازەکانی سەردان و دیداری هێزە سیاسییەکان و یەکە ئیداریەکان و وەزارەتەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەنجامداوە بەمەبەستی دروستکردنی پەیوەندییەکی تۆکمەو دروست لەسەر بنەمای کاری هاوبەش و خزمەتی هاوڵاتیان.

 

 

 

ژوری هەواڵ