سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبوونەوە

دەستەی سەرکایەتی پەرلەمانی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبووەوە و پرسی پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکانیان تاوتوێکرد.

 

شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانی ڕایگەیاند “لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی پەرلەماندا لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لیژنەکان باسکرا کە ئەوەش بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و قورسایی فراکسیۆنەکانە لە پەرلەمانی کوردستان دەبێت”.

 

ڕاشیگەیاند “ئەندامەکانی خۆمان بۆ لیژنەکان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و ئەوەی کە ماوە دەکەوێتە سەر بڕیاری سەرۆکایەتی پەرلەمان کەی یەکلایدەکرێتەوە و دیاری دەکرێت”.

 

ڕاشیگەیاند “داوامان کردووە خەرجیەکانی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستاندا بێت بۆ دڵنیابوونەوە لەو بڕە پارەیەی کە خەرج دەکرێت چونکە تێبینی هەیە لەسەر خەرجکردنەکەی، پێمان وایە ئەوە بەشێکە لەو چاکسازیانەی کە پێویستە لە دەستەی سەرۆکایەتیەوە دەست پێبکات و شۆڕبێتەوە بۆ خوارەوە”.