یەکێتی نیشتمانی و کۆمەڵی ئیسلامیی کۆبوونەوە

یەکێتی نیشتمانی و کۆمەڵی ئیسلامیی کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە نابێت ململانێ سیاسیەکان کاریگەرییان هەبێت لەسە دامەزراوەکانی حکومەت.

 

ئەمڕۆ ۲۰۱۹/۳/۳ لە هەولێر یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان کۆبوونەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد.

 

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو “دەبێت دامەزراوە فەرمیەکان دامەزراوەی نیشتمانی و نەتەوەی بن نەک دامەزراوەی حزبی بێت”.

 

وتیشی “نابێت لە کێشەکانی لایەنە سیاسیەکان دامەزراوەکانی هەرێم ببنە بەشێک لەو کێشانە”.

 

لە کۆنگرەکەدا عەبدولستار مەجید ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ یەکێتی باس لە پەیوەنیەکانی نێوانیان کراوە بە ئاراستەی زیاتر خزمەتکردن بە هەرێمی کوردستان.

 

وتیشی “ئێمە وەک لایەنە سیاسیەکان پێویستە هەوڵبدەین ڕێبکەوین لەسەر پرۆژەیەک کە شێوازی حوکمڕانی ئەم وڵاتە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوەببرێت”.