نرخی گەشتی عەمرە لە دابەزیندایە

خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتی حەج و عەمرە رایگەیاند نرخی گەشتی عەمرە بۆ ئەمساڵ ۲۰۰ دۆلار دابەزیووە.

 

عەبدوڵا محەمەد خاوەنی کۆمپانیای گەشتی حەج و عەمرە بە ئانادۆڵی ڕاگەیاندووە “لەم وەرزەدا خەڵکی ھەرێمی کوردستان و بە هۆی زۆریی ڕۆژە پشووەکانەوە بە ڕێژیەکی زیاتر ڕوو لە وڵاتی سعودیە دەکەن بۆ بەجێهێنانی عەمرە”.

 

ڕوونیشیکردووەتەوە “ئەمساڵ نرخی عەمرە بەگشتی دابەزیووە بە بەرارود لەگەڵ ساڵانی پێشوو کە دەکاتە نزیکی ۲۰۰ دۆلار و وتی ئێستا هەرکەسێک بیەێت عمرە ئەنجام بدات پێویستی بە ۷٥۰ دۆلارە”.

 

ناوبراو باسی لەوەش کردووە “سەرەڕای ململانێی نێوان کۆمپانیاکان لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ نرخی هۆتێلەکانی وڵاتی سعودیە دابەزیووە ‌ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئێمەش نرخەکانمان کەم بکەینەوە،ئەمە سەرەڕایی ئەوەی ئەمساڵ وڵاتی سعوودیە رسوماتی خستووەتە سەر ئەو کەسانەی کەدەچن بۆ عەمرە، واتە ھەر کەسێک لە ساڵەکانی ٢٠١٦، ٢٠١٧، ٢٠١٨ گەشتی بۆ ئەو وڵاتە کردبێت ئەوا دەبێت ٥٣٥ دۆلار ڕسومات بەو وڵاتە بدات”.

 

بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناویان ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گەشتی حەجکردن ئەنجام بدەن، بۆیە بەشێکیان لەبری حەجکردن گەشتی عەمرە ئەنجام دەدەن.

 

ئەمە لەکاتێکدایە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠ ھەزار کەس گەشتی عەمرە ئەنجام دەدەن.