“قۆناغێکی سەختی کارکردنمان تێپەڕاند و قۆناغە نوێکەمان کاری زیاتری دەوێت لێمان”

بچووکردنەوە گەورەکردن

ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی بەبۆنەی تەواوبونی مۆڵەتی فەرمی و یاسایی کارکردنی هاوپەیمانی وەک هێزێکی سیاسی لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستاندا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی هاودیدان کردو تیایدا ڕایگەیاند”خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم دوای نزیکەی ساڵێک لە پەیمانی بەردەوامی و درێژەدان بە پەیامی هاوپەیمانی پیرۆزباییتان ئاراستە بکەم بەبۆنەی وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی و فەرمی کارکردن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەم بۆنەیەوە لە ناخی دڵەوە پیرۆزباییتان ئاراستەدەکەم و سوپاسی خۆراگری و ورەبەرزیتان دەکەم کە توانیمان قۆناغێکی سەختی کارکردن تێبپەڕێنین”

 

هەر لەدریژەی نامەکەیدا بۆ هاودیدان ئارام قادر ئاماژەی بەوە داوە ” لەمڕۆوە هەمومان دەکەوینە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی زیاتر لەوەی دوینێمان و پیویستە بەهەموو هەوڵ و کۆششمانەوە کار بکەین بۆ زیاتر گەشەدان بە پرۆژەو ئایدیا و بیری هاوپەیمانی”

 

دەقی پەیامی سەرۆکی هاوپەیمانی :

ھاوپەیمانی لە قەوارەیەکی ھەڵبژاردن بۆ قەوارەیەکی سیاسی

پەیامی سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ هاودیدانی خۆڕاگر لەسەرجەم ئاستەکان

هاودیدانی بەرێز و خۆڕاگر
ئەندامانی سەرجەم ئۆرگانەکانی هاوپەیمانیی نیشتمانی
سڵاوێکی گەرم

 

خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم دوای نزیکەی ساڵێک لە پەیمانی بەردەوامی و درێژەدان بە پەیامی هاوپەیمانی پیرۆزباییتان ئاراستە بکەم بەبۆنەی وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی و فەرمی کارکردن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەم بۆنەیەوە لە ناخی دڵەوە پیرۆزباییتان ئاراستەدەکەم و سوپاسی خۆڕاگری و ورەبەرزیتان دەکەم کە توانیمان قۆناغێکی سەختی کارکردن تێبپەڕێنین، وە دڵنیام بۆ داهاتو بە گوڕو تینێکی زۆر زیاترەوە کاردەکەن و هەنگاوەکان خێراتر دەکەن بە ئاراستەی گەشتنە ئەنجام و بەدیهێنانی ئامانجەکانمان.

 

هاودیدانی ئازیز……
لەمڕۆوە هەمومان دەکەوینە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی زیاتر لەوەی دوینێمان و پیویستە بە هەموو هەوڵ و کۆششمانەوە کاربکەین بۆ زیاتر گەشەدان بە پرۆژەو ئایدیا و بیری هاوپەیمانی.

ھاوپەیمانی سەرەتا بە دیدگایەکی نیشتمانی دەستی پێکرد، دواتر وەک قەوارەیەکی ھەڵبژاردن دەستی کردە ململانێی سیاسی، وا ئێستا قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات کە ھاوپەیمانی دەبێتە قەوارەیەکی سیاسی فەرمی و گوتارو دیدگاو و دونیا بینی خۆی دەبێت سەبارەت بە پرس و بابەتە جیاوازەکان، پرۆژەی هاوپەیمانی پێش ئەوەی پاڵپشتییەکی یاسایی و فەرمی هەبێت خاوەنی پاڵپشتیەکی مەعنەوی زۆر مەزن و بەبەهایە کە دەنگی بەڵێی هاودیدانە بۆ بەردەوامی و گەشەدان بە پەیامی هاوپەیمانی.

 

هاودیدانی بەرێز … ئێمە ئەرکێکی قورسمان لەسەرشانەو دەبێت هەموومان خۆمان ئامادەبکەین بۆ ئەو ئەرکەو پێکەوە کاری جددی بکەین بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجەکانمان.

بەڕێزان دەمەوێت لەڕێگەی ئەم نامەیەوە پێتان ڕابگەیەنم کە هاوپەیمانی ئومێدی ئێستاو ئایندەیە ، قۆناغەکەمان سەختە بەڵام ئەستەم نیە، ھاوپەیمانی ئومێدێکە لە ھەناوی ئەو شاڵاوە بێ ئومێدیەی کە بە بەرنامە کاری لەسەر دەکرێت و ھەوڵدەدرێت بۆ تێکشکاندی تاکی کوردستانی، ئەم قۆناغە نوێیە خوازیاری هیمەتی زیاترە لە هەریەکەمان و چاوەڕێی ئەوە دەکەم لە هەریەکێک لە هاودیدان لەسەرجەم ئاستەکان کە بە گوروتینی زیاترەوە هەنگاوەکانیان هەڵبێنن بەرەو ئامانجە کانمان.

 

سەرکەوتن بۆ ئیرادەی نەبەزیوی هاودیدانی هاوپەیمانی

دوبارە پیرۆزەو بەهیوای سەرکەوتن ھەنگاو ھەڵدەگرین .

ئارام قادر
سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی
٢٩ ئەیلول ٢٠١٩