سروشتی كاری سیاسی لەم دۆخەی ئێستادا

بچووکردنەوە گەورەکردن

محمد رەئوف محمد

كاری سیاسی و ڕێكخراوەیی لە بارودۆخی ئاسایی و نۆرماڵی وڵاتیشدا كە هیچ جۆرە قەیرانێکی سیاسی و ئابووریی گەورەش نەبێت، هێشتا هەر پێویستی بە پشوودرێژی ولێبڕان و لەخۆبوردەیی هەیە و هیچ پرۆژەو كارنامەو بەرنامەیەكی سیاسی و ڕێكخراوەیی بە پەلەپەل و پەلەقاژە ناگاتە دەرئەنجام و جگە لەماندووبون و بێئومێدبوون دەرئەنجامێكی دیكەی لێناگیرێت ، خۆ ئەگەر ووڵات لە حاڵەتی قەیرانی سیاسی و ئابوریدا بێت وبازاڕی سیاسەت و ئابووری كەساس وخەمۆك وچەقبەستوو بێت، لەوكاتانەدا كاری سیاسی و ئەرکی كاراكتەری سیاسی چەند بار قورستر دەبێت و زۆر زیاتر پێویستی بە خۆڕاگری و پشوودرێژی هەیە و بەكاراكتەریی زۆر بەهیممەت و پشودرێژ نەبێت ناكرێت .

 

كاری سیاسی لەئەمڕۆی عێراق وكوردستاندا لەزۆربەی قۆناغەكانی پێشوتر قورسترە وهەردەبێت كاریش بكرێت و بەردەوام بێت ، چونكە وڵات پێویستی بە كاری سیاسی و كاراكتەری سیاسی ونوێبوونەوەی سیاسی هەیە و هەر کارە سیاسیەكان وكارەكتەرە سیاسیەكان و پرۆژە و بەرنامە خراپ و سەقەتەكانن ووڵات دوادەخەن وتووشی قەیرانی دەكەن و دەبێت بەسیاسەتی دروست و كاراكتەری نوێ و جیاواز چاك بكرێتەوەو هەنگاوەكانی بنیاتنانەوە دەست پێبكاتەوە، كار و سەركردایەتی سەردەمی قەیران تەنها پێویستی بەپشوودرێژی نیە بەڵكو پێویستی بەئاگابوونی زیاترو هونەرێكی تایبەتی سەركردایەتی هەیە، دواجار وڵات و نیشتمان لەم قەیرانە سیاسی و ئابووری و داراییانەی ئێستاش خراپتریشی بەسەردا بێت هەردەبێت كاری سیاسی و ڕێكخراوەیی بكرێت و پرۆژەكانی چاكسازی وگۆڕانكاریش هەوڵ و تەقەللای بەردەوامیان بۆ بدرێت و بگەنە ئەنجامیش، ئەوەش بەكەسی خۆی و میللەتی هۆشیار دەكرێت ..