هاوپەیمانی
30, ئه‌یلول 2019

هاوپەیمانی بەرەو قۆناغێکی نوێ لەکاری سیاسی

ئاشتی ستار

دوای سەرکەوتنی ویست و ئیرادەی هاودیدانی خۆڕاگر و ڕاستگۆ و بڕیاری بەردەوامیدان بەهاوپەیمانی لە ۲۰۱۸/۱۱/۹ و مل نەدان بۆ بەرەی بەرژەوەندیخواز و، وەستانەوەو تێکشکاندنی پیلانە سادی و میکافیلیەکان کە لێرەو لەوێ ژێر بەژێر دادەڕێژرا، ئەوڕۆو دوای کەمتر لەساڵێک ئارام گرتن و خۆڕاگری، بەرهەمەکەی هاتەدی و هاوپەیمانی وەکو پارتێکی سیاسی ناسێندراو بەفەرمی مۆڵەتی وەرگرت.

 

ئێستا هاوپەیمانی ۱۰۰ هەنگاو بەرەو پێشەوە ڕۆیشت، پێی نایە قۆناغێکی نوێ و هەستیار، گۆڕەپانی کاری فراوانتر و ئەرک و بەرپرسیاریەتی گەورەتر دەبێت.

 

لەمەودوا هاوپەیمانی دەبێ چی بکات؟

 

بەبۆچوونی من لەبار نەبوونی ژینگەو نەڕەخسانی هەلی گونجاو، مانای نەمان و لەباربردنی پڕۆژە نیە، وە بەعەیب و لاوازی کاراکتەرەکانی هەژمار ناکرێ، بۆیە هاوپەیمانی دەبێ هەمیشە بەردەوام بێ ڕەخساندنی بارودۆخی گونجاو لەبار بۆ پیتاندن و ناساندنی ئایدیاو پرنسیپەکانی و جەختکردنەوە لەدروستکردنی فۆڕمێکی نوێ و بیرێکی نوێخواز لەکایەو بوارە سیاسی و حزبی و کۆمەڵایەتی و فیکری و فەلسەفیەکان و ….هتد، ئەوەش بە:

 

۱. کار لە پێناو هێنانەکایەی مۆدێلێکی نوێ لە کاری سیاسی و جیاواز لەو سیاسەتەی لە واقیعی ڕابردوودا پێڕەو کراوە کە بوویتە مایەی لێکهەڵوەشانی نەسیجی کۆمەڵایەتی و یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە.

 

۲. بەکردەیی کردنی فۆڕمێکی نوێ لەکاری حزبایەتی کەتیایدا قۆناغی ئایدیۆلۆژیای ڕەق و دەمارگیر و ململانێی ناشەریفانە تێدەپەڕێنێ، ئەو فۆڕمە لەبیرکردنەوە مرۆڤ بەسەنتەر دەزانێت، ئیستیعابی تواناکان دەکات، تاک ڕۆشنبیر دەکات و هۆشیاری بڵاو دەکاتەوە، ئیتر دەبێ ئەوە جیاوازیەکە بێت، چونکە حزب لە وڵاتی ئێمە ئەوەندەی تاکی دەمارگیری دروست کردووە، ئەوەندە مرۆڤی ڕۆشنبیری پەروەردە نەکردووە.

 

۳. پێویستە ئۆپۆزسیۆنێکی هاوکار و هەماهەنگ بێت، جنێو بگۆڕێ بۆ ڕەخنەیەکەی ئەرێنی و بونیادنەری بەرپرسیار.

 

٤. کار لە پێناو دروستکردنی کۆمەڵگەی ئەرک و ماف، کۆمەڵگەی ئێمە تا ئێستا بەس داوای ماف دەکات بەبێ ئەوەی ئەرک و بەرپرسیاریەتی جێبەجێ بکات، ئەوجۆرە کۆمەڵگەیە بەهیچ حکومەتێک بەخێو ناکرێت..