هاوپەیمانی
30, ئه‌یلول 2019

کێشەو گرفت، ڕای جیاواز وەک نیشانەیەکی زیندویەتی

هاوکار عیزەت

ئەگەر ورد بینەوەو سەرنج بدەین هەر لەسەرەتای دروستبونی مرۆڤایەتی و سەرهەڵدانی دروستبونی هەر تاقم و دەستەو گروپ و کۆمەڵگەیەکەوە هەمیشە بەهۆی کارکردن و بەریەک کەوتن و چالاکی دەستەجەمعییەوە هاوتەریب بە کارکردن و چالاکی، کێشە و گرفت و ڕای جیاواز و بگرە ململانێش هاتۆتە ئاراوە و بوەتە بەشێک لە کارکردن، زۆر بە ئەستەم توانراوە گرفت و کێشە لە ئەسڵی ئیشەکە جیابکرێتەوە بەو واتایەی کە ئەو کەسانەی سەرقاڵن بە کارکردن و چالاکی لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەستەو تاقمەکەدا هەمیشە توشی گرفت و کێشەگەلێک دەبن کە سەرەنجام تێکەڵ بە کارەکە دەبێت و بگرە دەبێتە بەشێکیش لە کارەکە.

 

هەرکات کەسانێک یان ئەندامانی دەستەو گروپێک ویستیان کارێک بکەن و بەرەو ئامانجەکانیان هەنگاو هەڵبگرن و قبوڵیان نەبوو کێشەو گرفت و ڕای جیاواز بێتە ئاراوە ئەوە بزانە ئەوکەسانە ئەهلی کارکردن و هیواپێبوون نین و ناتوانن ببنە داینەمۆی کاری جیاواز و گەشتن بەو ئامانجەی کە چاوەڕیدەکرێت لێیان.

 

جیاوازی و کێشەو گرفت نیشانەیەکەن بۆ زیندیویەتی هەر دەستە و گروپێک چونکە ئەگەر گروپێک یان کۆمەڵە کەسێک بریاریان دا کار بکەن پێکەوە بەو واتایەی کە هیچ جیاوازییان نییەو نابێت کێشە ڕویان تێبکات ئەوە یان خۆیان فریو دەدەن یان لە ئەسڵی کارکردن تێنەگەشتوون.

 

رای جیاواز و سەرهەڵدانی کەموکوڕی و کێشە و گرفت هیچ کات مایەی نەنگی نییە بۆ هیچ گروپێک، هێندەی ئەوە نەنگییە کە بەرگەی کێشەو گرفتەکان نەگریت و بیکەیتە بابەتێک کە هەمیشە لەبری کارو چالاکی سەرقاڵی وتنەوەی وێردی کێشەکان بیت، ئەگەر بڕیار بێت هەموو ئەندامانی گروپێک وەک یەک بیر بکەنەوەو ڕای جیاواز و کیشە لە نێوانیاندا نەبێت ئەی بۆچی هەمویان یەک کەس ڕاناسپێرن کاری هەمویان بکات و ئەوانی تر لە ماڵەوە پشوی خۆیان بدەن.

 

هەروەک چۆن هەر نەخۆشیەک کە سەرهەڵدەدات لەماوەیەکی زۆر کەمدا شارەزایان چارەسەری بۆ دەدۆزنەوەو کۆنترۆڵی دەکەن بەدڵنیاییەوە هەمو کێشە و ئاریشەیەکیش چارەسەری خۆی هەیەو دەکرێت بەباشترین شێواز چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەگەر کەسانێک یان لەکێشە ترسان یان پێوان وایە نابێت لەکارکردندا کێشە هەبێت یان توانای چارەسەرکردنیان نەبوو ئەوە جێهێشتنی گروپەکەو گەرانەوەیان بۆ ئەوشوێنەی لێوەی هاتوون باشترین بژاردەیە، چونکە ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە ئەو کەسە توانای ئیدارەدان و هەڵکردنی نییە لەگەڵ هیچ ڕایەکی جیاواز و کێشەو گرفتێکدا و دەیەوێت کورد وتەنی هەمیشە گۆڕەپانەکە شامی شەریف بێت، کە هەرگیز ئەمەش نایەتەدی لەئەگەری بونی کارو چالاکی و جموجوڵدا.