ئارام قادر: مۆدێلێكی سیاسی جیاواز پێشكەش دەكەین

ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانی كوردستان گەشبینی خۆیی بە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت “دەرفەتی سیاسی گەورە لەبەردەم كوردستاندایە”.

سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی كوردستان لەدیدارێكی تایبەتی میدیای فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (گەلی كوردستان) ئاماژەی بۆ ئەوەكرد بارودۆخی زۆر باش هاتۆتە پێشەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەرفەتی سیاسی گەورە لەبەردەم هەرێمی كوردستاندایە تابتوانێت ژێرخانی ئابووری خۆی بەهێز بكات و سەقامگیری سیاسی ئیداری دروست بكات و ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی لایەنە سیاسییەكان هەیە.

 

ووتیشی “جیاوازی لە نێوان حزبە كوردستانییەكان لەسەر شێواز و میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكان و تێڕوانینیان بۆ بارودۆخەكان دەبێت، بەڵام لەدەرئەنجامدا پێویستە یەك ڕابن لەسەر پرسە ستراتیژییەكان، چونكە لەكۆتایدا ئەگەر زیان بە هەرێمی كوردستان بگات زیان بە هەموو حزبەكان دەكات هیوادارم وەگەشبینم بەوەی بەزوترین كات پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە و بگەنە دەرئەنجامێك بۆ ئەوەی حكومەت پێكبێت و هەوڵبدەن پرسە سیاسییەكان لەگەڵ حزبەكانی تر مەفەكانی كورد بەدەستهێنن”.

 

سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لەبارەی پەرلەمانی كوردستانیشەوە ئەوەی ڕونكردەوە پەرلەمانی كارا بەبونی ئۆپۆزسیۆن دەبێت بەڵام نابێت ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دژایەتی یەكتری بكەن بەڵكو دەبێت تەواوكاری یەكتریبن، ووتیشی “بەگوتاری ئۆپۆزسیۆنی پێشو ناتوانین خزمەت بە پەرلەمان بكەین كاتێك لەپەرلەمان بوین پرۆژەیاسایەكمان پێشكەشكرد سەبارەت بەپرۆژە یاسای ئۆپۆزسیۆن كە پێویستە شێوازی مامەڵەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بەدوژمن بزانێت نەدەسەڵات مامەڵەی تەشهیر لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بكات، بەڵێ ئۆپۆزسیۆن رەخنە دەگرێت بەدواداچون دەكات بۆ هەموو كەیسەكان و پرۆژە یاسا پێشكەش دەكات بۆ خزمەتی هەموو پرسەكان”.

 

 

ووتیشی “ئێمە وەك هاوپەیمانی ڕامانگەیاندووە پشتیوانی خەڵكی كوردستان دەبین پڕۆژەیەكمان دەبێت و لەرێگەی فراكسیۆنەكانەوە پێشكەشی پەرلەمانی كوردستانی دەكەین و وە كۆمەڵێك پڕۆژە یاسا دیكەش پێشكەشی حكومەتی دەكەین”.

 

 

هەر لەو دیدارە میدیایەدا سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی جەختی لەسەر دیدگای هاوپەیمانی كردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد هاوپەیمانی نیشتیمانی بزافێكی نیشتیمانییە هیچ فەلەسەفەو ئایدۆلۆژیایەكی نییەو دیاردەی ئیسلامی و عیلمانی تێدەپەڕاندووە پێش ئەوەی قەوارەیەكی سیاسی بێت دیدگاو فكری رۆشنبیرییە، ووتی “ئۆفیسمان لە شارەكانی كوردستان هەیە و ماوەیەكی نزیكدا ئۆفیسمان لە تەواوی ناوچەكان دەبێت و لەدەرەوەی پەرلەمانیش دەتوانین خزمەت بكەین”.

 

ووتیشی”مۆدێلی هیچ حیزبێك دوبارە ناكەینەوە و هێزێك دەبین بۆ كۆكردنەوەی تەواوی بیروڕاكان، هۆكاری گۆڕینی ناوی قەوارەكەش دەگەرێتەوە بۆ دیدی هاودیدان وایان پێباش بوو، لەگەڵ ئەوەشدا هۆكاری مانەوەی هاوپەیمانی دەگەڕێتەوە بۆ بیروبۆچونی هاودیدان كە لەوە گەشتبون هاوپەیمانی پرۆژەیەو پەیوەست نییە بە كەسێكەوە و پرۆژەیەكی نیشتیمانییەو هاودیدان پێیان باش بووە بەردەوام بێت”.

 

 

ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی جەختیش لەسەر ئەوەدەكاتەوە هاوپەیمانی لەئەنجامی خوێندنەوەیەكی قوڵ و دیراسەیەكی ورد هاتووتە مەیدان، زیاتر ووتی “لەئەنجامی خوێندنەوەی مێژووی هەرێمی كوردستان و ئەزمونی وڵاتانمان هەڵسەنگاند گەشتینە ئەو بڕوایەی دەبێت حزبە ئایدۆلۆژیەكان بەجێ بهێڵێن، پێشكەوتنی فكری هۆكارە بۆ ئەوەی قۆناغی چەپ و راست بەسەر بچێت، لە ئەنجامی دور كەوتنەوەی هێزە سیاسییەكان لەیەكتر كوردستانی توشی ئەم قەیرانە كردووە و پێویستە حزبە سیاسییەكان بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بگەنە رێككەوتن”.