هاوپەیمانی
2, تشرینی یه‌كه‌م 2019

سه‌ركرده‌ی ڕاستەقینە و دڵسۆز هه‌رگیز بێ ئومێد نابێ

سه‌ركرده‌ی ڕاستەقینەو دڵسۆز هه‌رگیز بێ ئومێد نابێ

ماوتسی تونغ به‌نمونه

 

دکتۆر ئاشتی ستار
ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانی

به‌ ئیراده‌یه‌كی پۆڵایینه‌وه‌ هاوپه‌یمانیمان گه‌یانده‌ ئه‌وڕۆ، زۆر به‌ربه‌ست هاته‌ پێشه‌وه‌، زۆر كه‌سیش به‌ناوی دڵسۆزیه‌وه‌ هه‌وڵی بێ ئومێد كردن و ساردكردنه‌وه‌ی هاودیدانیان ده‌دا و ئێستاش به‌رده‌وامن، له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كان نه‌ك هه‌ر ده‌ستباریان نه‌گرت له‌ گه‌ڵمان به‌ڵكو به‌ته‌واوی توانایانه‌وه‌ هه‌وڵیان ده‌دا شكست به‌هاوپه‌یمانی بهێنن، له‌ كاته‌ قورسه‌كان نه‌ك ده‌ستیان بۆ گیرفانیان نه‌برد به‌ڵكو داوای پاره‌و موچه‌شیان ده‌كرد و پاڵه‌په‌ستۆیان دروست ده‌كرد، ده‌یانگوت هاوپه‌یمانی به‌و حاڵه‌یه‌وه‌ ناگاته‌ مه‌به‌ست و داهاتوو دیار نیه‌، به‌ڵام كاتێك هاوپه‌یمانی به‌كه‌متر له‌ ساڵێك توانی بگاته‌ قۆناغێكی نوێ، ئێستا ئه‌وانیش ده‌ستیان به‌لایك و كۆمێنت كردۆته‌وه‌.

 

من وه‌ك خۆم به‌ر له‌وه‌ی هه‌نگاوێكم هه‌ڵبگرتایه‌ بۆ خزمه‌تی هاوپه‌یمانی، ده‌چومه‌ به‌ر ده‌می ئاوێنه‌كه‌و له‌خۆمم ده‌پرسی له‌كوێوه‌ ده‌ست پێ بكه‌م و چۆن قه‌ناعه‌ت بۆ خه‌ڵك دروست بكه‌م، دوو هه‌زار هۆكار و بیانو هه‌بوو تا من ساردبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ بیرم له‌ سه‌ركرده‌كه‌ی صین ماوتسی تونغ ده‌كرده‌وه‌، ڕێك ئینقلابێكی گه‌وره‌ به‌سه‌ر ڕه‌گوڕیشه‌ی به‌ره‌ی بێ ئومێدی له‌ناخمدا ده‌هات و ده‌بوو به‌ پاڵنه‌ر و هاندان و ڕۆح و مه‌عنه‌ویه‌تێكی زه‌به‌لاحی بۆ دروست ده‌كردم، ئه‌و ڕۆحه‌ش بوو هه‌میشه‌ هه‌گبه‌و جانتاكه‌می پڕاو پڕ كردبوو له‌ كارو چالاكی و هه‌ر كات و كاتژمێرێك له‌ شوێنێك بووم له‌ پێناو هاوپه‌یمانی..

 

ئه‌رێ جه‌ناب دڵمان ته‌قی ده‌ پێمان بڵێ تۆ چی له‌ ماوتسی تونغ فێربووی؟ زۆر شت فێربووم كه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ ویست و ئیراده‌ی هه‌بێ هه‌زاران بیانووی واقیعیش ناتوانێ چۆكی پێدابدات، باسی صین ده‌كه‌ین كه‌ چۆن ماو توانی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو وه‌یلات و بیانو ده‌رده‌سه‌ریه‌ی هه‌یبوو كه‌چی توانی بیگوازێته‌وه‌ بۆ وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و پێشكه‌وتووی زه‌به‌لاح، ماوتسی تونغ له‌ 26ـــی دیسه‌مبه‌ری ساڵی 1893 له‌دایك بووه‌، له‌ 9ـی سێبته‌مبه‌ری ساڵی 1976 كۆچی دوایی كردووه‌، ئه‌و پاڵه‌وانی شۆڕشی صین و دامه‌زرێنه‌ری كۆماری صینی میللی بوو، كام صین؟ ده‌زانن صین چۆن بوو؟:

1. ئه‌و وڵاته‌ له‌لایه‌ن پێنج ده‌وڵه‌ته‌وه‌ داگیر كرا بوو كه‌ بریتی بوون له‌ فه‌ڕه‌نسا، به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، ئیسبانیا، بورتوغال، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی په‌یماننامه‌ی ناهاوتا..

2. به‌ریتانیا جه‌نگی تلیاك و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ صین ڕاگه‌یاندبوو، له‌ كۆی 450 ملیۆن صینی 100 ملیۆن كه‌س ئالوده‌ بوون به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر.

3. یابان ڕاسته‌وخۆ صینی داگیر كردبوو، وه‌حشیگه‌ری یابانیه‌كان سنوری تێپه‌ڕاندبوو، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر دیواره‌كان ده‌یاننوسی سه‌گ و صینی بۆیان نیه‌ بێنه‌ نادیه‌كانه‌وه‌.

4. به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی دانیشتوان..

5. شه‌ڕی ناخۆ، شیوعی و ئه‌وانی تر.

6. ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری 80%ــی تێپه‌ڕاندبوو.

7. له‌ 80%ـــی دانیشتوان له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان بوون و سه‌رقاڵی كاری جوتیاری بوون.

8. له‌ 30/ گه‌نجه‌كان توشی نه‌خۆشی كورێ بوون بوو بوون، نه‌خۆشی (الرمد الحبیبی).

هه‌ر یه‌ك له‌و كۆژانانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به‌بیانووی بێ ئومێدی و ساردبوونه‌وه‌و پاڵكه‌وتن، به‌ڵام هیچ له‌وانه‌ ماوی بێ ئومێد نه‌كرد و ڕێی پێ نه‌گرت، پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه‌كانی شیوعیه‌ت له‌ دێهاته‌كانه‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد و قۆڵی لێ هه‌ڵماڵی و كۆڵی نه‌دا تا به‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌نگ و ئاڵه‌نگاریه‌كاندا زاڵ بوو. ئێستا صین یه‌كێكه‌ له‌ هێزه‌ ئابوری و سه‌ربازیه‌كانی جیهان و ئه‌گه‌ری زۆره‌ له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی 21 ببێته‌ هێزی یه‌كه‌می جیهان و شوێن به‌ئه‌مریكا لێژ بكات.

تۆ چی فێر بووی له‌ ماوتسی تونغ؟؟