هاوپەیمانی و پارتی کۆبونەوە

بچووکردنەوە گەورەکردن

شاندێکی باڵای هاوپەیمانی  لەگەڵ پارتی کۆبوەوە و تاوتوێی پەیوەندیەکانی نێوان هەردولایان کرد و باسیان لە بارودۆخی هەرێم و ناوچەکەو جیهان کرد.

 

شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتی ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانی و ئامادەبوونی هەریەک لە سەرگوڵ قەرەداخی و دکتۆر ئاشتی ستار و دکتۆر کاروان حەمەساڵح ئەندامانی  ئەنجومەنی سیاسی و دکتۆر دانا محەمەد بەرپرسی نوسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی، سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردو لەلایەن فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی و هەریەک لە جەعفەر ئیبراهیم و مەحمود محەمەد و ڕێبورار یەڵدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و عەلی حسێن بەرپەسی مەکتەبی پەیوەندیەکان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

 

لە دیدارێکدا هەردوولا جەختیان کردەوە لە پەیوەندیەکانی نێوانیان و بە گرنگییەوە باسیان لە بەردەوام بوونی پەیوەندیەکان کردەوە.

 

تەوەرێکی کۆبونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردن و باسکردنی دۆخی ناوچەکەو جیهان بەگشتی و هەرێمی کوردستان و عێراق بە تایبەتی و تەئکیدکرایەوە کە پێویستە زۆر بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ ڕوداوەکان بکرێت.

 

بەشێکی تری دیدارەکە بریتیبوو لە قسەکردن لەسەر کارەکانی حکومەتی هەرێم و جەختکرایەوە لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و دابینکردنی پێداویستیەکانی هاوڵاتیان، هاوپەیمانی ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەر هاوکارییەک بۆ دەزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆژەی چاکسازی و خزمەتی زیاتر بە هاوڵاتیان.

 

وەفدی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە دیدارەکە و هیوای بەردەوامی و گەشەدان بە پەیوەندیەکانیان خواست لەگەڵ هاوپەیمانی بە ئامانجی هێنانەدی کەشێکی دۆستانە و تەبا لەنێوان سەرجەم هێزەکاندا.