ژمارەیەک وڵاتی زلهێزی دونیا ئیدانەی هێرشەکانی تورکیایان کرد

بچووکردنەوە گەورەکردن

تورکیا هێرشەکانی دەستپێکرد بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەشێک لە خاکی سوریاو ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوەو کۆمەڵێک وڵاتی زلهێزی دونیاش ئیدانەو سەرکۆنەی هێرشەکانیان کرد.

 

 

 

لە کاردانەوەکانی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و بەشێک لە خاکی سوریا لە لایەن سوپای تورکیاوە ژمارەیەک وڵات هاتنە سەر خەت و ئیدانەو سەرکۆنەی هێرشەکانیان کرد و داوایان کرد بەپەلە هێرشەکان ڕابگیرێن و گیانی هاوڵاتیانی ناوچەکە لە مەترسی ڕزگار بکرێت.

 

 

 

وڵاتی سعودیە ڕایگەیاند بەتوندی ئیدانەی هێرشەکان دەکەین و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی هێرشەکان دەکەین.

 

 

 

لەلایەکی ترەوە وڵاتی بەریتانیا هەر کردەیەکی سەربازی بۆسەر رۆژئاوا بە مەترسی گەورە ناوبرد و داوای لە تورکیا کرد ئەو کارانە رابگرێت، هەروەها وڵاتی ئیمارات ڕایگەیاند”بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو کارانە دەکەین و دەبێت رێگە نەدرێت ئەو کارانە بەردەوام بن” ولاتی ئیمارات ئەو هێرشانەی بە دەستدرێژی ناڕەوا وەسفکرد.

 

 

 

لەلایەکی ترەوە وەزیری دەرەوەی بەحرەین سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و بە پێشێلکاری سەروەری وڵاتان ناویبرد.

 

 

 

هەر تایبەت بە هێرشە سەربازیەکانی تورکیا بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق لە تویتێکدا ڕایگەیاند ” هێرشی سەربازی بۆسەر سوریا تەسعیدێکی مەترسیدارە و دەبێتەهۆی مەینەتی بۆ مرۆڤایەتی و بەهێزکردنی گروپە تێرۆریستەکان”.

 

 

 

لەلایەکی تروە وەزیری بەرگری فەرەنسا بەفەرمی داوای لە تورکیا کرد هێرشەکان رابگرێت و دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە.

 

 

 

لەهەمان کاتدا وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشەکانی تورکیا سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەردانێکی خۆی هەڵوەشاندەوە بۆ وڵاتی تورکیا کە بریار بوو بەم نزیکانە ئەنجامیبدات.

 

 

 

ئێوارەی دوێنێ تورکیا هێرشی سەربازی کردە سەر هێزەکانی رۆژئاواو ژمارەیەکی زۆر شەهید و برینداری لێکەوتەوەو تا ئێستاش هێرشەکان بەردەوامن لە ئاسمان و زەمیینی ناوچە سنوریەکانی نێوان هەردوولاوە،ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە کێشایەوە کە چاودێران بە هەڵکردنی گلۆپی سەوز ناویان برد لە لایەن ئەمریکاوە بۆ وڵاتی تورکیا