هاوپەیمانی
10, تشرینی یه‌كه‌م 2019

كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌بێ سیسته‌م و به‌رنامه‌ی ڕێكخستن ناڕوا به‌ڕێوه‌

كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌بێ سیسته‌م و به‌رنامه‌ی ڕێكخستن ناڕوا به‌ڕێوه‌

 

پێویستی ده‌ستور به‌نمونه‌

دكتۆر ئاشتی ستار

پێشه‌كی
پێناسه‌ی ده‌ستور و مه‌رجه‌كانی سیسته‌می ده‌ستوری
كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی تا به‌ره‌و پێشتر ده‌چێ زیاتر و زۆرتر پێویستی به‌ به‌رنامه‌و ڕێكخستن ده‌بێ، مامه‌ڵه‌و ژیانی مرۆڤه‌كانیش به‌ سیسته‌م و به‌رنامه‌یه‌كی ته‌واو له‌ یاساو پره‌نسیپ و كلتور و داب و نه‌ریته‌كان ڕێك ده‌خرێ، ئه‌و یاساو پره‌نسیپانه‌ ده‌نوسرێته‌وه‌و یاداشت ده‌كرێ و پێی ده‌گوترێ ده‌ستور.. ده‌ستوریش به‌رزترین ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می یاسایی ده‌وڵه‌ته‌..

 

 

ده‌ستور بریتیه‌ له‌و سیسته‌مه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگه‌ دیاری ده‌كات، هه‌روه‌ها شێوازی ده‌وڵه‌ت و جۆری ئه‌و حكومه‌ته‌ یاخود پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌یان ده‌كات كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌بات، وه‌ تایبه‌تمه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌كان و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ یه‌كتری شیده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها پابه‌ندیه‌كانی تاك به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كان و گره‌نتی مافه‌كانی تاك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كان ڕه‌نگڕێژ ده‌كات.

 

 

به‌دیوێكی تر ده‌ستور بریتیه‌ له‌ گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی (عقد الاجتماعی) له‌نێوان دانیشتوانی ده‌وڵه‌ت.. به‌ده‌ر له‌ جیاوازی ئاین و ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌و…هتد، كه‌ بنچینه‌و یاسا گشتیه‌كانی پێكه‌وه‌ژیانی تیا ڕێكده‌خرێ له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌ده‌نیه‌ت و ئاشتی و ئازادی و سه‌روه‌ری و یارمه‌تیدانی یه‌كتر.

 

 

دیدگای ئێمه‌ به‌و پێیه‌ی باس له‌ مرۆڤ سه‌نته‌ری و كه‌رامه‌تی مرۆڤ ده‌كات، ده‌توانین بیروبۆچوونی خۆمان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و دیدگایه‌ له‌ مه‌ڕ ده‌ستور بخه‌ینه‌ ڕوو، چونكه‌ هه‌ر ته‌نها بوونی ده‌ستوریش گرنگ نیه‌ وه‌كو نوسراو و نامیلكه‌یه‌كی چاپكراو و هه‌ر به‌وه‌ش سیسته‌می وڵات نابێته‌ سیسته‌مێكی ده‌ستوری، به‌ڵگو گرنگتر له‌وه‌ بریتیه‌ له‌بوونی چه‌ند مه‌رجێك تا بتواندرێ سیسته‌می وڵات وه‌كو سیسته‌می ده‌ستوری ناوزه‌ند بكرێت.. بۆ نمونه‌:

 

یه‌كه‌م: سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكار ده‌بێ ملكه‌چ بێ بۆ ده‌ستور و ناوه‌ڕۆك و پابه‌ندێتیه‌كانی.

 

دووه‌م: نابێ ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی فه‌رمانڕه‌وا بێ به‌ته‌نها، به‌ڵكو پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاته‌ گشتیه‌كان دابه‌ش بكرێن له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و داموده‌زگا جیاوازه‌كان و گره‌نتی سه‌ربه‌خۆییشیان هه‌بێ، له‌سه‌ر بنه‌ماو پره‌نسیپی لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان (فصل السلطات)..

 

سێیه‌م: پێویسته‌ ده‌ستور له‌ واقیعدا به‌كردار جێبه‌جێ بكرێ، له‌ نێوان دام و ده‌زگاو ده‌سه‌ڵاته‌كانی لایه‌نی جێبه‌جێكار و دادگاو یاسا دانان به‌بێ زیاد و كه‌م و به‌ پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ بۆیان داندراوه‌.

 

له‌ ڕاستیدا كێشه‌ی به‌شێكی زۆر له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستور و پابه‌ند نه‌بوونه‌ به‌ ناوه‌ڕۆك و بڕگه‌و ماده‌كانی له‌ واقیعی كرداردا، له‌ناویاندا عێراق به‌ نمونه‌ كه‌ چه‌ندین ماده‌ی تایبه‌ت به‌ كورد و كێشه‌هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا جێبه‌جێناكرێت دیارترینیان ماده‌ی 140ــی ده‌ستوری عێراقه‌.. بۆ ئه‌وه‌ش هۆكارگه‌لی زۆر هه‌ن به‌ڵام لێره‌دا باسیان ناكه‌ین.

 

ئه‌و كورته‌ باسه‌ پێكهاتووه‌ له‌ پێشه‌كی و دووبه‌شی سه‌ره‌كی په‌یوه‌ست به‌ ڕه‌شنووسی ده‌ستور و كۆتایی:

 

پێشه‌كی: پێناسه‌ی ده‌ستور و مه‌رجه‌كانی سیسته‌می ده‌ستوری…

 

به‌شی یه‌كه‌م: دیدگای ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستور…

به‌شی دووه‌م: تایبه‌تمه‌ندی و به‌ها باڵاكانی ده‌ستور…

كۆتایی..
به‌شی یه‌كه‌م
دیدگای ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ده‌ستور

دیدگای یه‌كه‌م: گرنگی بوونی ده‌ستور:

به‌داخه‌وه‌ دوای 27 ساڵ له‌ حكومه‌تداری تا ئێستا نه‌تواندراوه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستورێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێ، هه‌موان به‌هیوای بوونی ده‌ستورن، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ بۆچی نه‌تواندراوه‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ له‌ دایك بێت؟ كێ ڕێگره‌و ڕێگره‌كان چین و كێن؟ ده‌سه‌ڵاته‌ یان ئۆپۆزسیۆن یان هه‌ردووكیان؟ به‌ربه‌سته‌كان چین و بۆچی ناتواندرێ تێپه‌ڕێندرێن؟

 

بۆیه‌ له‌سۆنگه‌ی پێویستی ده‌ستور بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ پێمان وایه‌ بوونی ده‌ستورێكی پڕ له‌ كه‌م و كوڕی باشتره‌ له‌ نه‌بوونی ده‌ستور.
دیدگای دووه‌م: پێویسته‌ هه‌رێم ده‌ستورێكی نه‌رمی هه‌بێت:

 

له‌و بارودۆخ و قۆناغه‌ی ئێستای هه‌رێمدا پێویسته‌ كار له‌سه‌ر به‌دیهێنانی ده‌ستورێكی نه‌رم بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌ هه‌ركاتێكدا هه‌مواری بكه‌ین.. له‌ ڕاستیدا دوو جۆر ده‌ستور هه‌یه‌:

 

1. ده‌ستوری ڕه‌ق: واته‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ی بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی پێویسته‌ ئیستیفتای بۆ بكرێ، یان ئیجرائاتی هه‌مواره‌كه‌ی قورسه‌، له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌ستور به‌رزتره‌ له‌ یاساكان و به‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات داده‌ندرێت… ده‌كرێ ئه‌و جۆره‌ ده‌ستوره‌ له‌نمونه‌ی ده‌ستوری ئه‌مریكاو مه‌غریبی عه‌ره‌بی پۆڵێن بكرێت.

 

2. ده‌ستوری نه‌رم: واته‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ی كه‌ به‌و ئیجرائاتانه‌ی بۆ هه‌مواری یاسا ده‌كرێ ده‌تواندرێ ده‌ستوریش هه‌موار بكاته‌وه‌.. له‌و حاڵه‌ته‌دا یاساكان هه‌موویان یه‌كسان ده‌بن و یاسای به‌هێز نامێنێ. ئه‌و جۆره‌ ده‌ستوره‌ش له‌ نمونه‌ی ده‌ستوری نیوزله‌نداو ئێڕله‌نداو صین و…هتد، ده‌تواندرێ پۆلێن بكرێت.

 

دیدگای سێیه‌م: پێویسته‌ ده‌ستورێكی مه‌ده‌نی بێت:

له‌و دیدگایه‌دا مه‌به‌ستمان له‌ مه‌ده‌نی بوون چالاككردنی چه‌مكی هاوڵاتی بوونه‌، ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیان به‌ گرنگ ده‌زانین، ئازادی و ئازاد بوون مافی هه‌رتاكێكه‌، سه‌روه‌ری و ڕۆحی یارمه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كێتی ئه‌سلی مرۆڤایه‌تی سیمای جوانی مه‌ده‌نی بوونه‌.

 

ده‌ستوری مه‌ده‌نی بریتیه‌ له‌ گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌ بیرۆكه‌ی هۆبز و جۆن لۆك و چه‌ند بیرمه‌ندی تره‌ به‌ ئایدیای جیاوازه‌وه‌.. مه‌رجه‌كانی دروستی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی بریتین له‌:

 

1. به‌شداری ته‌واوی چین و توێژ و لایه‌نه‌كان، له‌سه‌ر ئاستی ئاینی و فیكری و نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی و ڕۆشنبیری و….هتد.. به‌بێ جیاوازی..

 

2. ڕێكه‌وتنێكی گشتی له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی جیاوازی و ناكۆكیان له‌سه‌ره‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگا.

 

3. به‌رجه‌سته‌ كردنی ئازادی تاك و كۆمه‌ڵ بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كانی كه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ن و گرێبه‌ستیان له‌ نێوان ده‌كرێ به‌ مه‌رجێك سنوری ئازادی ئه‌وانی تر تێنه‌په‌ڕێنێ.

 

4. پابه‌ندبوونی هه‌موان به‌ ئه‌رك و مافه‌ ڕێكخراوه‌كان بۆ مه‌به‌ستی پێكه‌وه‌ ژیان، ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ی دادگاوه‌، وه‌ رێگه‌ نه‌دان به‌به‌كارهێنانی هێزی تاك یان كۆمه‌ڵ بۆ گێڕانه‌وه‌ی مافه‌كان.

 

5. به‌ڵێننامه‌ی پارێزگاری كردن له‌ یه‌كتر وه‌كو هاوڵاتی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ده‌ره‌كی یان ناوه‌كی.

 

6. حوكم بۆ زۆرینه‌یه‌و پارێزگاری و پارێزبه‌ندی پێكهاته‌كانیش بكرێ.

 

پره‌نسیپ و یاساكانی ده‌ستور به‌و شێوه‌ی لای خواره‌وه‌ دابه‌ش ده‌بێت:

1. پره‌نسیپ و یاسا گشتیه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ ڕێك ده‌خه‌ن له‌ نێوان خۆیاندا.

 

2. پره‌نسیپ و یاساكان كه‌ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكار و فه‌رمانڕه‌واوه‌ ڕێكده‌خه‌ن.

 

3. پره‌نسیپ و یاسا گشتیه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان ڕێكده‌خه‌ن.

 

دیدگای چواره‌م: سیسته‌می تێكه‌ڵ بۆ قۆناغی ئێستا گونجاوه‌:

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌ستوری مه‌ده‌نی به‌و پێیه‌ی كه‌ شكل و شێوازی ده‌وڵه‌ت و جۆری سیسته‌می سیاسی دیاری ده‌كات، كه‌ ئایا سیسته‌م سه‌رۆكایه‌تیه‌ یان په‌ڕله‌مانیه‌ یاخود تێكه‌ڵه‌، ئێمه‌ پێمان وایه‌ سیسته‌م په‌ڕله‌مانی بێت و سه‌رۆك له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ هه‌ڵبژێردرێت، واته‌ سیسته‌می تێكه‌ڵ په‌سند ده‌كه‌ین.

 

له‌هه‌مانكاتدا پێمان وایه‌ بۆ پارێزگاری كردن له‌ مافه‌ ده‌ستوریه‌كان و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌و جیاوازیه‌كان پێویست ده‌كات دادگای ده‌ستوری دروست بكرێت.

 

دیدگای پێنجه‌م: ده‌ستور بۆ ئه‌گه‌ری سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت ده‌ست بدات:

به‌ نیسبه‌ت پرسی سه‌ربه‌خۆیی و ئه‌گه‌ری دروست بوونی ده‌وڵه‌ت، وا به‌باش ده‌زانین ئه‌و ده‌ستوره‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌ دایك ببێت بۆ دوور و نزیك ده‌ست بدات و ئه‌و پرسه‌ش له‌به‌رچاو بگیرێت، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بابه‌تی دیاری كردنی سنوری كوردستان پێویسته‌ ڕه‌چاوی ماده‌ی 140 بكرێت.

 

به‌شی دووه‌م
تایبه‌ته‌ندی و به‌ها باڵاكانی ده‌ستور

یه‌كه‌م: تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ده‌ستور:

1. سه‌روه‌ری بۆ تاك یان به‌شێكی كه‌م نه‌بێ به‌سه‌ر گه‌ل و كۆمه‌ڵگه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ چوارچێوه‌ی بڕیار و پره‌نسیپه‌كانی ده‌ستور بێت.

 

2. چه‌سپاندنی سه‌روه‌ری یاسا به‌شێوه‌یه‌ك له‌سه‌رووی هه‌موو كه‌سێكه‌وه‌ بێت.

 

3. جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری و دابه‌شكردنیان و پاراستنی هاوسه‌نگی له‌ نێوانیان.

 

4. گره‌نتی ماف و ئازادیه‌ گشتیه‌كان.

 

5. ئاڵو گۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات.

 

دووه‌م: ده‌ستور پێویسته‌ ئه‌و پره‌نسیپ و به‌ها باڵاو هاوبه‌شانه‌ی نێوان مرۆڤایه‌تی له‌ خۆ بگرێت و جه‌ختیان له‌سه‌ر بكاته‌وه‌:

 

1. ماف و ئازادیه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات.

 

2. دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌راهه‌م بكات.

 

3. دیموكراسی جێگیر بكات و هه‌لی زیاتری بۆ بڕه‌خسێنێ.

 

4. سه‌قامگیری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سته‌به‌ر بكات.

 

5. ڕێگر بێت له‌ دابه‌شبوون و ئاینده‌ی تێدا وێنا بكرێت، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگه‌ داماڵێت له‌ ئه‌زموون و خاڵه‌ نه‌رێنیه‌كانی ڕابردوو.

 

6. جه‌خت له‌ پره‌نسیپی هاوڵاتی بوون بكاته‌وه‌و جگه‌ له‌وه‌ هیچ باگراوه‌ندێكی تری ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و …هتد، قه‌ده‌غه‌ بێت.

 

7. یه‌كێتی ئه‌سلی مرۆڤ به‌ ئیعتیبار وه‌ر بگیرێ.

 

كۆتایی
له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ی به‌رده‌ست كورته‌یه‌كه‌ له‌ دیدگاو ڕوانگه‌ی ئێمه‌ له‌مه‌ڕ ده‌ستور، به‌هیواین تا زووتره‌ لایه‌نه‌كان بڕیار له‌سه‌ر به‌دیهێنانی ده‌ستور بده‌ن، چونكه‌ وه‌كو ئاماژه‌مان پێدا ده‌ستور گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌ نێوان دانیشتوانی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك.. به‌ده‌ر له‌ جیاوازی ئاین و ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌و…هتد، كه‌ بنچینه‌و یاسا گشتیه‌كانی پێكه‌وه‌ژیانی تیا ڕێكده‌خرێ له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌ده‌نیه‌ت و ئاشتی و ئازادی و سه‌روه‌ری و یارمه‌تیدانی یه‌كتر.