ئەندامێکی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی: گردبوونەوەیەکی ئاشتیانە دوور لە دروشمی حزبایەتی ئەنجامدەدرێت

بچووکردنەوە گەورەکردن

ئەمڕۆ ١٩حزب و لایەنی سیاسی، لەبارەی پرسی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە و نوێنەری هاوپەیمانیی نیشتیمانیش ڕایگەیاند پێویستە هەمووان یەک دەنگ بن و هەڵوێستی ڕوونمان هەبێت.

 

 

د. ئاشتی ستار ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی بە دیجیتاڵ هاوپەیمانی ڕاگەیاند، “ئەو بابەتە لەبەر ئەوەی پرسێکی نەتەوەی و نیشتیمانیە و پەیوەستە بە مرۆڤ و خەڵکی سڤیل، بۆیە ناتواندرێت پشتگوێ بخرێت بەڵکو پێویستە هەمووان یەک دەنگ بن لەو بارەیەو هەڵوێستی ڕوونمان هەبێت”.

 

 

وتیشی، “لە کۆبوونەوەکە هەموو لایەنەکان ئیدانەی ئەو هێرشانەی تورکیایان کرد بۆ سەر ڕۆژ ئاوای کوردستان و لەوبارەیەشەوە گەیشتینە ئەو بڕیارەی کە بەیاننامەیەک دەربکەین و ڕۆژی شەممە کاتژمێر ۱۰ گردبوونەوەی ئاشتیانە لەبەردەم بارەگای نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر ئەنجام بدرێ دوور لە مۆرک و دروشمی حزبایەتی”.

 

 

د.ئاشتی ستار باسی لەوەشکرد، “لیژنەیەکی پێنج کەسی پێکهات بۆ سەردانی بارەگای نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و گفتوگۆ کردن لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکان”.

 

 

ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر لەبارەگای حزبی شیوعی لەبارەی پرسی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کۆ بوونەوە.

 

 

هەواڵ. شەهێن وەهاب