داوای سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکرێت

لایەنە عەرەبییەکان لە کەرکوک داوای سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگای ئەو شارە دەکەن و جەختیش دەکەنەوە شارەکە بووەتە بەشێک لە پرۆسەی دانوستانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا لایەنە عەرەبییەکانی کەرکوک ئاماژە بەوەدەکەن “کەرکوک کراوەتە بابەتێکی دانوستان لەپرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و تەواوکردنی حکومەتی عێراقدا، بەبێ ئەوەی تەوافوق لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی شارەکەدا بکرێت”.

 

لە ڕاگەیەنراوەدا ئەوەش خراوەتەڕوو “کورد تاکلایەنە مامەڵە بە چارەنوسی کەرکوکەوە دەکات، ئەوەش پێکهاتەکانی شارەکە ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە”.

 

لایەنە عەرەبیەکانی کەرکوک بۆ دواینجاریش پارتە کوردییەکان ئاگادار دەکەنەوە و پێیان وایە “هەوڵی لەو شێوازە، دەبێتە هۆی لەباربردنی ئەو بنەمایەی بۆ تەوافوق دیاریکراوە بە سەرپەرشتی حکومەتی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان”.

 

لایەنە عەرەبییەکانی کەرکوک، داواش لە حکومەتی عێراق و پەرلەمان دەکەن هەڵوێستێکی ڕوونیان هەبێت لەبارەی یاریکردن بە چارەنوسی شارەکە.

 

ئەو لایەنانە داواش دەکەن پەرلەمانی عێراق میکانیزمێک دەستنیشان بکات بۆ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە شێوەیەکی یاسایی سڕ بکرێت تا هەڵبژاردنێکی نوێی بۆ دەکرێت.