هاوپەیمانی
13, تشرینی یه‌كه‌م 2019

حاڵی كورد و پرسیارێكی جه‌وهه‌ریی!

جه‌لال ئه‌حمه‌د

 

به‌ده‌ر له‌ هه‌موو ڕووداو و ململانێ و پێكدادانه‌كانی گۆشه‌ و كه‌ناره‌ جیاوازه‌كانی دنیا، كوردستانیانی باشوور هێنده‌ی نیوه‌ی دنیا ئه‌زموونی تاڵ و گرفت و كێشه‌مان به‌ڕێكردووه‌ و ماندوو و شه‌كه‌ت بووین و نه‌ناسراوترینمان هێنده‌ی حه‌كیمێك حیكمه‌تی له‌به‌ره‌ و هێنده‌ی سیناتۆرێك باس له‌ سیاسه‌ت ده‌كات وكاتێكیش باس له‌ شه‌رع بكرێت، خۆی به‌ موفتی ده‌زانێت.

 

 

له‌كوردایه‌تی و ناسیۆنالیستیدا تا پاسۆك ڕۆشتین و نه‌عه‌ره‌بمان به‌ مرۆڤ ده‌زانی و نه‌خورماش به‌ڕووه‌ك، له‌چه‌پ و ماركسیدا، یه‌ڵسن ئاشبه‌تاڵی به‌ یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت هێنا، كه‌چی شیوعیه‌كورده‌كانی ئاواره‌كانی ڕوانسه‌ر خۆیان نه‌ئه‌یا به‌ده‌سته‌وه‌ و هه‌رسوور بوون له‌سه‌ری، له‌ ئیسلامه‌تیدا، گه‌یاندمانه‌ په‌ڕگیری و توندڕه‌وی و ته‌كفیركردن ، دواتریش كاپیتاڵیزم و لیبراڵیزم و چی چی لیزمه‌كانی دنیامان تاقیكرده‌وه‌.

 

 

 

تا تاقه‌تمان بوو یه‌كتركوژی و خۆكوژی و خۆبه‌كوشتدانمان كرد، چه‌ندین كیمیاباران و ئه‌نفال و شه‌ڕی ناوخۆ و ئاواره‌ییان به‌سه‌رهێناین و به‌سه‌رخۆمانداهێنا.

 

 

 

سه‌ره‌نجام ئێستا هه‌ر هه‌مووی باس له‌ پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتر قبوڵكردن ده‌كات له‌ناوخۆدا وهه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌رودراوسێ و خۆگونجان له‌گه‌ڵ سیستمی سیاسی و یاسایی جیهان، كه‌لانیكه‌م بۆگه‌لانی هه‌ژار به‌ركار و كارپێكراوه‌.

 

 

 

ئێستا گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ پێویسته‌ حیزبه‌كان ته‌باو هاوكار و ده‌ستباری یه‌كتربن، حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن هاوكار و ته‌واوكاربن، پاشخان و پێكهاته‌جیاوازه‌كان به‌یه‌ك چاوسه‌یربكرێن و مرۆڤ سه‌نته‌ری و هاوڵاتیبوون جێگه‌ی جیاكاری و دابه‌شكاری ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایدۆلۆژی و ڕه‌گه‌زی بگرێته‌وه‌، كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و موسڵمان و مه‌سیحی و ئاشوری و ئێزیدی و كاكه‌یی ڕێزله‌یه‌كتربگرن.

 

 

 

ئێستا له‌عیراق كوردێكی له‌دایكبووی سلێمانی سه‌رۆك كۆماره‌، بڕیاره‌ داهاتی نه‌وتی كه‌ركوك و به‌سره‌ بێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی عێراق و بودجه‌ی وڵاتی لێدابین بكرێت، به‌پێی یاسا كوردێك بۆی هه‌یه‌ له‌ كوت و عه‌مماره‌ خانوو زه‌وی بكڕێت، عه‌ره‌بێكیش ده‌توانێ له‌ بیاره‌ باخێك بكڕێ.

 

 

 

پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی ده‌بێ خوشك و براكانمان له‌كوردستانی باشوور یان ڕۆژئاوا هه‌مان ئه‌زموونی تاڵی ئێمه‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ و ژن و منداڵی كورد بكوژرێن و ماڵ و حاڵیان خاپووربكرێ و ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ری وڵاتان ببن ئه‌وجا بیر له یه‌كترقبووڵكردن و‌ پێكه‌وه‌ژیان بكرێته‌وه‌؟.

 

 

 

ئایا ئه‌م نه‌عره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ و قووڵكردنه‌وه‌ی ڕق وزۆركردنی ‌ دوژمن‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد كه‌تا ئێستا (نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت؟!) كورد به‌كوێ ده‌گه‌یه‌نێت؟ بۆچی ده‌بێ به‌جۆرێك ئیداره‌ی سیاسی دۆزی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌یه‌ك بدرێت، كه‌ له‌ هه‌ل و مه‌رجێكی ئاوه‌هادا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش سێ وڵاتی ناكۆك پێكه‌وه‌ یه‌كده‌نگ بن له‌سه‌ر ڤیتۆكردنی بڕیارێك كه‌پشتیوانی له‌ كوردانی ڕۆژئاوابكات؟ ئایا بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و ده‌ستنیشانكردنی هۆكاره‌كان ته‌نها بیر له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بكه‌ینه‌وه‌؟ یان ده‌كرێ خۆشمان به‌شێك بین له‌هۆكاره‌كان؟