پێدانی فیزای ئێران گۆڕانکاری بەسەردادێت

پێدانی ڤیزای ئێران بە هاوڵاتیانی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و کونسوڵی ئەو وڵاتەش جەخت دەکاتەوە هەوڵدەدەن پێش نەورۆز پلانە نوێکە جێبەجێبکەن.

 

مورتەزا عەبادى کونسوڵى ئێران لە هەولێر بە ئاژانسی میهری فەرمیی حکومەتی ئێرانی ڕایگەیاند، له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا له‌ هه‌رێم ڤیزای ئه‌لکترۆنی جێگه‌ی ڤیزای کاغه‌ز ده‌گرێته‌وه‌.

 

وتیشی “ئەمە خزمەتیکی زۆر بە کەرتی گەشتیاری دەگەیەنێت لەنێوان هەردوو وڵاتی ئێران و عێراقدا”.

 

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو “وەک هەنگاوى یەکەم له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا چاپکردنى ڤیزای گه‌شتیارانی هه‌رێم بۆ ئێران لاده‌برێت و ڤیزای ئه‌لکترۆنی جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌”.

 

به‌م جۆرەش ئه‌و که‌سانه‌ی ڤیزای ئه‌لکترۆنییان هه‌یه‌، بەبێ ئه‌وه‌ی ڤیزا له‌سه‌ر پاسپۆرته‌که‌یان بدرێت ده‌توانن له‌ ڕێگه‌ی ئاسمان و وشکانییه‌وه‌ سه‌ردانی ئێران بکه‌ن بە شێوەیەکی ئاسایی.

 

کونسوڵی ئێران جەختیشیکردوە هەوڵدەدەن ئەو سیستمه‌ ئه‌لکترۆنییه‌ بۆ گه‌شته‌کانی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ڕێکبخرێت و به‌مشێوه‌یه‌ قه‌ره‌باڵغی له‌سه‌ر سنووره‌کان که‌متر دەبێته‌وه‌ بە شێوازێکی ئاسانتریش مامەڵەکان ڕێکدەخرین .

 

عەبادی ڕوونیشیکردەوە “سه‌ردانی گه‌شتیاران له‌ هه‌ردوولاوه‌ ده‌بێته‌ هۆی په‌یوه‌ندیی باشتر و پتەوتر، هه‌ربۆیە هەوڵى ئاسانکاری بۆ گه‌شتیاران دەدەین ئەم هەنگاوەش لە بەرژەوەندی هەردوو لاماندا دەبێت” .