نوخشە ناسیح: بوونی ژن لە کایە جیاوازەکاندا لە کوردستاندا نامۆ نییە

خانمی دیاری بواری کارگێڕی و بەڕێوەبردن نوخشە ناسیح قائیمقامی هەڵەبجە لە ڕێی دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانییەوە پەیامی خۆی بۆ ۸ی مارس بە سەرجەم ژنانی کوردستان دەگەیەنێت.

 

نوخشە ناسیح لە دەستپێکی پەیامەکەیدا وتی “مرۆڤەکان چ ژن بن یان پیاو کاتێک کارێک دەگرنەدەست کۆسپ و تەگەرە دێتە بەردەمیان، گرنگ ئەوەیە بزانین چۆن مامەڵە لە لەگەڵ کۆسپەکان دەکەین و کاری رۆژانەمان بە ڕێکی بەڕێوەبەرین”.

 

ناوبراو کە پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بوو ئێستا قائیمقامی هەڵەبجەیە و دەڵێت “هەموو ئەو گرفتانەی هاتونەتە بەردەمم گرفتی پیشەی و کارکردن بوون و گرفتی شەخسی نەهاتۆتە بەردەمم، جێی خۆشحاڵییە کە بوونی ژن لە کایە جیاوازەکاندا شتێکی نامۆ نییە لە کوردستان و زۆر ئاسای وەرگیراوە ئەگەر ژنێک قایمقام یان بەڕێوبەر یان کارێکی دیکەی هەبێت لە ڕوانگەی جیاوازی رەگەزییەوە سەیر ناکرێت و گرفتەکان تەنیا گرفتی ئاسای کار کردنن کە بۆ هەردوو ڕەگەز دروست دەبێت”.

 

نوخشە ناسیح ساڵانە لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا بەشداری و سەرپەرشتی چەندین چالاکی تایبەت بەو یادە دەکات، سەبارەت بە چالاکیەکانی ئەمساڵیشی وتی “بۆ ۸ی مارس کۆمەڵێ چالاکی جۆراوجۆرمان هەیە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و چالاکییەکان بریتین لە ڕێزلێنان و هەندێ کۆڕ و سیمینار بۆ گەشەپێدانی هۆشیاری ژنان”.

 

قائیمقامی قەزای قەزای ناوەندی هەڵەبجە لەڕێگەی دیجیتاڵ میدیای هاوپەیمانییەوە پەیامی خۆی بە ژنان دەگەیەنێت و دەڵێت “داوا دەکەم کە پێش هەموو شتێک بخوێنن، ئەمە خاڵێکی گرنگە بۆ زیاتر پێشکەوتنی ژنان، خوێنەربن و شارەزای کۆبکەنەوە لەسەر ئەو کارەی کە حەزیان بۆی هەیە، وە هەرگیز کارێک نەکەن کە خەون خولیایان نییە بۆی، چونکە ئەوکات تەنیا کارەکان تێدەپەڕێنن بەڵام کاتێک خۆشەویستیت بۆ کارەکەت هەبێت سەرکەوتوو دەبیت، لە هیچ شتێک سڵمەکەنەوە ئێمە هەموومان مرۆڤین بەبێ جیاوازی ڕەگەز، ئەبینین بە سەدان ژن لە کایە جیاوازەکاندا خۆیان سەلماندووە و هەتا لە پیاوانیش باشتر کارەکان دەکەن و هاوکاری دەوروبەریان دەکەن بۆیە بۆیە چواردەوریش هاوکاری ئەوانن”.