سەرۆکی هاوپەیمانی و وەفدێکی یاوەری سەردانی دهۆکیان کرد

دوێنێ 5ی ئازاری 2019 ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانی و وەفدێكی یاوەری سەردانی پارێزگای دهۆكیان كرد و لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەكانی شارەكە و كۆبونەوە.

 

ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانی، بە یاوەریی د. ئاڤێستا كەمال یاریدەری سەرۆك و جەلا ئەحمەد و خەتاب عومەر ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی، سەرەتا سەردانی دەڤەری دهۆكی (هاوپەیمانی)یان كرد و بەگرنگیەوە باسی پێگەی بادینانیان كرد لەنێو سەرجەم ئۆرگانەكانی هاوپەیمانیدا.

 

پاشان ‎سەردانی (سەربەست دیوالی) ئاغای عەشیرەتی دۆسكیان كرد، باسی دۆخی ئێستا هاوپەیمانیانیان كرد كە گەیشتووتە قۆناغی خۆبەهێزكردن و دواتریش دۆخی كوردستان قسەی لەبارەوە كرا، پێكەوە هیوایان خواست ڕێككەوتنی لایەنەكان بە خزمەت بۆ خەڵك و باشكردنی دۆخی گشتیی هەرێم بشكێتەوە.

 

‎هەر لەو سەردانەدا سەرۆكی هاوپەیمانی وەفدی یاوەری سەردانی (لەزگین هەمزانی) سەرۆك عەشیرەتی بەشێك لە دۆسكییەكانی كرد و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەموو لایەنەكان كار بۆ چاكسازی و باشتركردنی دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان بكەن و هەنگاوەكان بۆ چاكسازی گشتگیرتربن، بەڵام نەشبنە هۆی پەرتەوازەیی و دووبەرەكی.

 

‎پاشان سەرۆكی هاوپەیمانی ‎سەردانی (ئیبراهیم مزوری) سەرۆكی عەشیرەتی مزوری كرد، پاش لەنزیكەوە ئەحواڵ پرسی لە دۆخی تەندروستی، ناوبراو ‎پشتگیریی و هەماهەنگیی بۆ هاوپەیمانی دووپاتكردەوە. ‎

 

هەر لەسەردانەكەیدا بۆ دەڤەری دهۆك، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی ‎لە ئۆفیسی هاوپەیمانی لە دهۆك پێشوازیی لە كۆمەڵێك دەرچووی زانكۆ كرد، كە بەشێكیان لە پێكهاتەی ئێزدیبوون.

 

‎سەرۆكی هاوپەیمانی دووپاتیكردەوە قەوارەكە وەكو پێكهاتەیەكی رەسەن و سەرەكیی كوردستان سەیری ئێزدییەكان دەكات، بڕوای بە كەمینەبوونی هیچ پێكهاتەیەكی كوردستان نییە.

 

‎سەرۆكی هاوپەیمانی بەڵێنی پێدان سود لە پەیوەندییەكانی هاوپەیمانی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان وەردەگرن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی وڵاتان بخاتە خزمەت دۆزی ئێزدییەكان بە گشتی و بەتایبەت ئێزدییە بێسەروشوێنكراوەكان. ‎

 

هاوكات د.ئاڤێستا كەمال یاریدەدەری سەرۆكی هاوپەیمانی دووپاتیكردەوە كە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان وەكو یەك جەستە سەیردەكەن و ئازاری ئێزدییەكان ئازارە بۆ ئێمەش و هەموو خەڵكی كوردستان.