حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دانەگاز گرێبەستێکی درێژخایەنیان واژۆکرد

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای دانە گاز گرێبەستێکی واژۆکرد کە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ کاری پێدەکرێت و بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە کۆمپانیای دانەگاز بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ناوبراو گرێبەستێکی درێژخایەنی ٢٠ ساڵییان واژۆکردووە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە بەگوێرەی گرێبەستە نوێکە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرۆمۆر بە ڕێژەی %٦٣ی زیاد دەکات.

 

دەقی راپۆرتەکەی  دانەگاز لەبارەی واژۆکردنی گرێبەستەکە 

پێرڵ پترۆلیۆم (کۆمپانیاى سنووردارى پێرڵ پترۆلیۆم)، ئەو کۆنسۆرتیۆمەى کە لە لایەن هەردوو کۆمپانیاى (دانەغاز) و (نەوتى هیلال) ى ئیماراتیەوە پێشەوایەتى دەکرێت، گرێبەستێکى نوێى (20) ساڵەی لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان مۆرکرد بە مەبەستى بەرهەمهێنان و فرۆشتنى (250) ملیۆن پێ سێجاى تر غاز لە رۆژێکدا کە کۆنسۆرتیۆمەکە مەبەستیەتی تا ساڵی 2021 بەرهەمی بهێنێت وەک بەشێک لە پلانەکانى فراوانکردنیان لە هەرێمى کوردستانى عێراق لە پێناو زیادکردنی ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا لە هەرێمى کوردستان بۆ پڕکردنەوەى پێویستى ناوخۆ.

دوابەدوای گەیشتن بە رێکەوتنی یەکلاکردنەوەى کێشەکان لە نێوان هەردوولا لە ئابى 2017، ئەم گرێبەستە نوێیەی فرۆشتنى غاز لە 19ى شوباتى 2019 واژۆ کرا لە لایەن هەریەک لە ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتیەکان لە بری حکومەتى هەرێمى کوردستان و مجید جعفر (بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى نەوتى هیلال و سەرۆکى ئەنجومەنى کارگێڕى کۆمپانیاى دانەغاز) لە بری (پێڕڵ پترۆلیۆم). دواى ئەوە ڕێککەوتن لەسەر گشت مەرجەکانى گرێبەستەکە کرا، لە نێویاندا ڕەزامەندى ئەنجومەنى تایبەت بە کاروبارى نەوت و غاز لە هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى کارگێڕى کۆمپانیاى (پێرڵ پترۆلیۆم)، و پرۆژەکە لە ئێستادا خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

پرۆژەى غازى کوردستان لە ساڵى 2007 دامەزرا کاتێک هەردوو کۆمپانیاى دانەغاز و نەوتى هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان مۆر کرد بۆ بەدەستهێنانى چەند مافێكى تایبەتى دیاریكراو بۆ خەمڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بە بازاڕکردن و فرۆشتنى نەوت و غاز لە کێڵگەکانى (کۆرمۆر) و (چەمچەماڵ) لە هەرێمى کوردستانى عێراق. بەرهەمهێنان لەو وێستگەیە کە تازە دروستکرابوو، تەنها لە دواى (15) مانگ لە تشرینى یەکەمى ساڵى 2008 دەستیپێکرد. لە ساڵى 2009 کۆنسۆرتیۆمى (پێرڵ پترۆلیۆم) پێکهێنرا بە هاوبەشى هەردو کۆمپانیاى (دانەغاز) و(نەوتى هیلال) وەک پشکدارى سەرەكى و دواتریش یەک لە دوای یەک کۆمپانیاکانى OMV و MOL و RWE هەریەك بە پشکى (10%) هاتنە ناو کۆنسۆرتیۆمەکە.

ئەم پرۆژە فراوانکاریە کە لە ئێستادا لە کێڵگەى کۆرمۆر بە بڕى (700) ملیۆن دۆلار جێەجێدەکرێت زیادکردنى دوو یەکەی بەرهەمهێنان لە خۆ دەگرێت لە وێستگەى کۆرمۆر هەروەها لێدانى بیرى نوێ بە ئامانجى بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى ڕۆژانە لە (400) ملیۆن پێ سێجاوە کە لە ئێستادا بەرهەم دەهێنرێت بۆ (650) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا تا ساڵى 2021 لەسەر بنەماى ئەم گرێبەستەى فرۆشتنى غاز و دواتر بۆ (900) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا تا ساڵى 2022. ئەم پلانى بەرهەمهێنانە وەک پالًپشتێک بوو بۆ فراوانکردنى وێستگەى (کۆرمۆر) کە لە تشرینى دووەم ئامادە کرا و ئاستى بەرهەمهێنانى بە ڕێژەى (30%) لە ڕێگەى بەرزکردنەوەى تواناى کارکردنى وێستگەکە و زیادکردنى ئاستى بەرهەمهێنان، کە بە هۆیەوە دەتوانرێت ڕۆژانە (106) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنرێت، بەمەش پرۆژەکه لە ئێستادا بە گەورەترین پرۆژەى کەرتى تایبەت لە بوارى پشکنین و بەرهەمهێنانى غاز لە عێراق هەژمار دەکرێت.

هەوڵەکانى فرۆشتنى غاز لە کۆتایى ساڵى 2018 دەستى پێکرد بە پێى گرێبەستى پیشوى فرۆشتنى غاز کە لە کانونى دووەمى هەمان ساڵدا مۆرکرا، وە گشت شایستە داراییەکانى لە کاتى خۆیدا وەرگیرا بە پێى گرێبەستەکە کە ئەمەش متمانە دەبەخشێت بۆ داڕشتنى نەخشە و پلانى وەبەرهێنان و فراوانکردنى پرۆژەکە کە کۆنسۆرتیۆمەکە لە ئێستادا پێوەى سەرقاڵە. پرۆژەى غازى کوردستان کە بەم دواییە یادى (10) ساڵەى بەرهەمهێنانى بەردەوامى کرایەوە، غازى سروشتى لە کێڵگەى (کۆرمۆر) ەوە لە ڕێى هێڵى بۆریەوە دابین دەکات بۆ وێستگەکانى کارەبا لە بازیان و چەمچەماڵ و هەولێر لەگەڵ غازى ماڵان و کۆندێنسەیت کە لە بازاڕى ناوخۆ دەفرۆشرێن.

لە ئابى ساڵى 2017، پێرڵ پترۆلیۆم بە چارەسەرى کۆتایى گەیشت لە کەیسى ناوبژیوانى لە گشت کێشە یاساییەکانى لەگەڵ حکومەتى هەرێم و لە نێویاندا یەکلاکردنەوەى شایستە داراییەکانى پێشوتر و پابەندبوونى پێرل پترۆلیۆم بە فراوانکردنى وەبەرهێنان لە پرۆژەکانیان لە هەرێمى کوردستان. کە لێدانى چەند بیرێک لە هەردوو کێڵگەى کۆرمۆر و چەمچەماڵ و دروستکردنى پاڵاوگەى بەرهەمهێنانى غاز و دەزگاگەلى دەرهێنانى شلەکان لەخۆ دەگرێت کە لە ئێستادا لە قۆناغى جێبەجێ کردن دایە. هەردوو کێڵگەکە لە لایەن (دانەغاز) و (نەوتى هیلال) ەوە لە بری پێڕڵ پترۆلیۆم بەڕێوە دەبردرێن.

کۆى گشتى وەبەرهێنان لە پرۆژەى غازى کوردستان تا ئەمڕۆ لە (1.6 $ ملیار) ملیارێک و شەش سەد ملیۆن دۆلار ڕەتى داوە بەمەش کۆى گشتى بەرهەمهێنانى هاوتاى نەوت گەیشتە نزیكەى (260) ملیۆن بەرمیل نەوت، کە بە هۆیەوە توانرا چەندین ملیار دۆلار بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق بە گشتى پاشەکەوت بکرێت کە دەبوو لە کڕینى سووتەمەنى سەرف بکرێت لەگەڵ چەندین سوودى گەورەى ئابورى تر. ئەم کاریگەریە بەردەوام دەبێت لە گەشەسەندن شان بە شانى فراوانبوونى ئاستى بەرهەمهێنان لە ساڵانى دواتر.

لەم رووەوە، دکتۆر ئاشتى هەورامى، وەزیرى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند “ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکى گرنگە بۆ ئێمە بە تایبەتی کە خزمەتگوزارى باشتر بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانى عێراق دابین دەکەین لە ڕێگەى باشتربوونى ڕەوشى بەرهەمهێنانی کارەبا بە هۆى زیادکردنى بەرهەمهێنانى غاز لە لایەن کۆنسۆرتیۆمەکەوە. هەرێمى کوردستان خاوەنى یەدەگێکى زۆرى غازە و حکومەتى هەرێمى کوردستان سوورە لەسەر گێڕانى ڕۆڵێکى ئەرێنى لە پێویستى ڕوو لە زیادبووى غاز و کارەبا لە عێراق و ناوچەکە.”

مجید جعفر (بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى نەوتى هیلال و سەرۆکى ئەنجومەنى کارگێڕى کۆمپانیاى دانەغاز) ووتى: “ئەم گرێبەستى فرۆشتنى غازە دەسپێکى قۆناغێکى نوێى فراوان كردنى پرۆژەى غازى کوردستانە کە ئەمەش لە چەند ساڵى ئایندە پێویستى بە وەبەرهێنانى زیاتر لە (700) ملیۆن دۆلارى تر دەبێت بۆ فراوانکردنى ئاستى بەرهەمهێنان بۆ (900) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەمەش دۆخى ئابورى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە باشتر دەبێت. وە هیوادارین کە بتوانین بەردەوام بین لەو بەرەو پێشەوە چوونە لە چەند ساڵى ئایندە لەو کێڵگه بایەخدارانە، لە پێناو بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان و تەواوى عێراق”.

د. پاتریک ئەڵمان وارد (بەڕێوەبەرى جیبەجێکارى کۆمپانیاى دانەغاز) ڕایگەیاند: “مایەى شانازیە بۆ دانەغاز و هاوبەشەکانمان لە پیرڵ پترۆلیۆم بە تایبەتى کە توانیمان وەبەرهێنانى زیاتر بکەین لە سێکتەرى غاز لە هەرێمى کوردستانى عێراق و دابینکردنى سەرچاوەیەکى پشت پێ بەستووى وزەى پاکتر و هاوکارى کردنى پەرەسەندنى ئابورى ناوخۆ. بەردەوامى لە وەرگرتنى گشت شایستە داراییەکان لە کاتى خۆیدا متمانەمان پێ دەبەخشێت لە بەردەوام بوون لە وەبەرهێنان لە کاتێکدا کە پێ دەنێینە نێو دەیەى دووەمى بەرهەمهێنان”.

وەک بەشێک لە کارەکانى لە هەرێمى کوردستان، پێرڵ هەستا بە جێبەجێکردنى بەرنامەى بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتى بۆ هاوکاریکردنى خەڵکى ناوچەکە، ئەو کار و چالاکیانەش کە لەو بارەیەوە بە ئەنجام گەیەنراون بریتین لە: دابینکردنى پێداویستى خوێندن و چارەسەرکردنى ئاوى خواردنەوە و دابین کردنی موەلیدە و کارەباى بەردەوام بۆ گوندەکان بە بەکارهێنانى سووتەمەنى و چەند یەکەیەکى پزیشکى گەڕۆک و دامەزراوەى وەرزشی بۆ گەنجان و پێشکەش کردنى کۆمەکى دارایى بۆ (1000) منداڵى بێ دایک وباوک لە سنوورى چەمچەمال بە هاوبەشى لەگەڵ دەزگاى خێرخوازى ناوخۆ. ئەم دەسپێشخەریانە یارمەتى خەڵکى ناوچەکە دەدەن لە باشترکردنى ئاستی گوزەرانی و تەندروستى و خۆشگوزەرانى و پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیرى و پەرەپێدانى سەرمایەی مرۆیی.