پەروەردەی سلێمانی سەبارەت بە کرێی وانەبێژان ڕوونکردنەوە دەدات

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند دەسەڵاتی خەرجکردنی کرێی وانەبێژان لەدەسەڵاتی ئەواندا نەماوە و جەختیشیکردەوە کرێی تا مانگی ١٢ خەرجکراوە.

 

 

دڵشاد عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌ له‌ناو گردبونه‌وه‌ی‌ مامۆستایانی‌ وانه‌بێژدا كه‌ به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجامدرا ڕایگه‌یاند “خەرجکردنی پارەیی مامۆستایانی وانەبێژ لە ده‌سه‌ڵاتی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی حكومه‌تی‌ هه‌رێمدایه‌ و ئەوان دەتوانن بڕیار له‌سه‌ر خه‌رجكردنی‌ كرێی وانه‌بێژی بده‌ن”.

 

 

ڕاشیانگەیاند “پێشتر پارەی وانەبێژی مامۆستایان لە دەسەڵاتی پەروەردەدا بووە و کرێی وانەبێژی تا مانگی ۱۲  خەرجکراوە”.

 

 

ڕونیشیكرده‌وه‌ “داوامان کردووە و نوسراومان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کردووە ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ به‌وانه‌بێژ خزمه‌ت ده‌كه‌ن هەلی دامه‌زراندنیان بۆ بڕەخسێنن بەڵام حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕیاری كۆتایی ده‌دات”.

 

 

ووتیشی “پشتیوانی تەواوی دامەزراندنی مامۆستای وانەبێژ دەکەن بەڵام بڕیاری کۆتای لە دەسەڵاتی ئەواندا نیە بەڵام پشتیوانی تەواوی داواکاریەکانیان دەکەن”.

 

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد “ئێمه‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ په‌روه‌رده‌ به‌دواداچون بۆ داواكاری مامۆستایان له‌گەڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا ده‌كه‌ین و هەوڵی تەواوی خۆمان بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان دەخەینەگەر”.