هاوپەیمانی
3, تشرینی دووه‌م 2019

خۆپیشاندانەکانی عێراق بەرەو کوێ

دانا عەبدول

 

 

دوور لە سۆز و عاتیفە نابێ هیچ دڵخۆش بین بە خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ، بەڵکو زۆر مەترسیداریشە بۆ سەر ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوەی لەئێمەوە دیارە ئاڕاستەکان بەرەو دیکتاتۆرییەت و نەهێشتنی فرەیی و تۆخکردنەوەی دەسەڵاتی مەرجەعە تائیفییەکان دەڕۆن ،

 

مەترسیدارترین داواکاریی خۆپیشاندەران هەموارکردنەوەی دەستورە کە بەپێی دروشمەکانی وەک نەسوننی و نەشیعە ئێمە هەموو براین و کورد و عەرەب بران ، بۆمان دەرئەکەوێ کە بەکورتی و پوختی هەمان سیناریۆی ئینقیلابی ئێران پێش 40 ساڵ دووبارە ئەکرێتەوە، لەسەرەتای شۆڕشی ئێران دروشمی برایەتی و هاوبەشی گەلانی ئێران بەرز دەکرایەوە هەتا شۆڕشەکە سەرکەوت و پێگەی خۆی قایم کرد ، دواتر دەستوریان بەپێی مەزهەبی زۆرینە داڕشت و گەلانی تری ئێرانیان بێبەش کرد لە تەواوی مافە نەتەوەیی و تایبەتەکانیان و دواتریش کەوتنە ڕاوەدونان و لەناوبردنی چالاکانی نەتەوەکانی تر !..

 

 

 

لەعێراقیش هەر وا دەبێ، برا و هاوبەشین هەتا ئەوکاتەی دەستورەکە ئەگۆڕدرێت بۆ دەستورێکی زۆرینەی تائیفی و دواتر شتێک نامێنێ لەحوکمڕانی عێراقدا بەناوی فرەیی و شەراکەتی کورد و دەوڵەتی فیدراڵی ، جمهورییەتێکی شیعەی ئیمامی جێگرەوەی حکومەتی عێراقی ئیتیحادی دەبێت و ئەوکاتیش ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی هەموو عێراق ئەبێ نەک تەنها شیعەکان، لەئەگەری هەمواری دەستور ئەگەری زۆرە شتێک نەمێنێ بەناوی هەرێمی کوردستان و دەگەڕێینەوە خاڵی سفر .

 

 

 

 

لەم گۆڕانکارییانەیشدا شەڕی ناوخۆی میلیشیا شیعەکان بۆ خاوەندارێتی لەداهاتووی عێراق شتێکی چاوەڕوانکراوە و باجەکەیشی هەموو عێراق ئەیدات..