عادل عەبدولمەهدی داوا له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌کات کۆتایی به‌ خۆپیشاندانه‌کانیان بهێنن

بچووکردنەوە گەورەکردن

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە راگەیاندراوێکدا داوای کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکان ده‌کات و ده‌ڵێت “بەردەوامی خۆپیشاندانەکان قوربانی زیاتری لە هەردوولا لێدەکەوێتەوە”.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌کات کۆتایی به‌  گردبونه‌وه‌ وخۆپیشاندانه‌کانیان بهێنن و چاوەڕێ بکەن تا حکومەت داواکانیان جێبەجێ دەکات.

 

 

 

سەرۆک وەزیران جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە، خۆپیشاندانەکان پەسەندکردنی بودجەی 2020ی عێراقی دواخستووە و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان رێگا بۆ خەڵکانی دەرەوەی یاسا خۆشدەکات بۆ دزی و تاڵانیکردن.

هەر لە ڕاگەیانراوەکەدا سەرۆکی حکومەتی عێراق داوای کرد کە دەوامی فەرمانگە و قوتابخانەکان ئاسایی بکرێتەوە و هەموان بچنەوە سەر ئەرکەکانیان و کارەکان ڕابپەڕێنن.

 

 

دەربارەی هۆکارەکانی کوشتن و برینداربوونی خۆپیشاندەران سەرۆکوەزیران ئەوەی خستەڕوو کە بەدواداچونی جدی دەکات بۆ جۆری ئەو چەکانەی کە دژ بە خۆپیشاندەران بەکارهاتوون و ئیجرائاتی پێویست دەگرێتەبەر.

 

 

ماوەی دەڕۆژە خۆپیشاندان لە چەند پارێزگایەکی عێراق درێژەی هەیە و خۆپیشاندەران داوای دەستلەکار کیشانەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ئەنجامندانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن و ڕوبەڕوو بونەوە لەنێوان هیزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەراندا ڕویداوە و لە ئاکامدا زیاتر لە ٢٥٠ خۆپیشاندەر کوژراون و سەدەها خۆپیشاندەریش برینداربوون

هه‌وال. شه‌هێن وه‌هاب