ئەحمەد حسێن فارس
8, ئازار 2019

چۆن دەستپێبکەین؟

ئایا هەر جۆرە دەسپێکردنێک دەتوانێت بکرێتە بنامەی خستنەوەی هێزێکی گەورەی وەرچەرخێنەری سیاسیی؟ ئایا هەر جۆرە دەسپێکردنێک دەکرێت وەک ئەو وزە ناوەکیی و تاریکە زەینییە قبووڵ بکرێت کە دەتوانێت لەسەر پێکهاتە فیکرییەکانی کۆمەڵگە هەژموونی خۆی دانێت؟ بەڵام با بپرسین:  ئایا هیچ دەسپێکردنێک هەیە لە دونیادا بە بێ هۆشیارییەکی بنچینەیی؟

 

وەک دەزانرێت لە ساڵی هەزارو نۆسەد و چل و شەشدا سەرکردەی نەتەوەیی ئێمە، قازی محەمەد و هاوەڵە بەرێزەکانی کۆمارێکیان خولقاند و هێنایان و گوتیان ئێمە دەست پێدەکەین..! بەڵام  وەک دەیخوێنینەوە کۆمارە کوردییەکەی ئێمە پیش ئەوەی قۆناغی خۆڕاگەیاندن تێپەرێنێت شکستی خوارد. فاکتەرە گشتییەکانی دیوی پشتەوەی ئەو شکستە سەختەی کوردایەتی ئێمە دیارە، بەلام ئەوەی دیار نییە هەڵوێستە کردنی ئێمەیە لەسەر چەمکی (دەسپێکردن..) ئایا هەر بەڕاست باوەرمان بەوە هێناوە کە بەرێز قازی موحەمەد دەستی بە ڕۆنانی کۆمارە ئیدیالەکەی کوردایەتی کورد و نەیتوانی سەرکەوتنی کۆنکرێتی دەسخات؟ یان بە پێچەوانەوە کۆمارە ئیدیالەکەی کوردایەتیی هێزی ئەوەی نەبوو لە بچووکترین ئاستی خۆیەوە دەسپێبکات..

 

وەڵامی ئەم پرسیارەو پرسیارەکانی دیکە بۆ هەر کەسێکی خوێنەوار و ئاگا، بریتییە لەوەی کە بەرێز قازی موحەمەد هیچ کۆمارێکی دروست نەکردووە تا بکرێتە ڕووگەی قەومی کوردیی، هیچ کۆمارێکی درووست نەکتردووە بە مانای ئەوەی نەیتوانیوە دەستی بگات بە دەغڵی مەعریفیی لێکۆڵینەوەی قەومیی و سەرخستنی بیری نەتەوەیی و دارێژەری هەیکەلێکیش نەبووە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی فەرمان ڕەوای عاقڵ. ئێمە دەسپێکردن چۆن تێدەگەین؟  با هەموو هاوڕابین لەسەر ئەوەی دەسپێکردن بریتینییە لە ئەکشنێکی سیاسیی بێ چارەنووس، هەروەها دەسپێکردن بریتی نییە لە هەنگاو نانی ڕاستو ڕێک بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو لە پێناوی کۆمەلێک ئیمتیازی جیا جیادا، بەڵکو دەسپێکردن بریتییە لە خەیاڵی ڕۆنان و خۆپڕچەک کردن بە دیار و نادیارەکانی دیوە واقیعییەکەی ئەو خەیاڵە.. واتە ئەوەی لە سێ قۆناغدا سەبارەت بە دەسپێکردن روودەدات پێویستی بە کلاریفیکەشنێکی قوڵتر و زیاتر هەیە، کلاریفیکەیشنێک لەسەر تەواوی ئەو هێزە ناوەکیانەی چەمکی دەسپێکردن لەناو خۆیدا هەڵیان دەگرێت بۆ چوونە دەرەوەی تەواو لە ستراتییژی و میتۆد و واقەعی ناتەواو..

 

ئێمە لە ڕووی فیکریەوە سێ ڕوئیامان هەیە بۆ ئەوەی دونیایان پێ بخوێنینەوە، ڕوئیای یەکەم بریتییە لە زانین، ڕوئیای دووهەم بریتییە لە تێگەیشتن، ڕوئیای سێهەم کە فەرزێکی چەسپێنراوە سەبارەت بە عەمەلیەی دەسپێکردن..  بریتییە لە هۆشیاریی. ئەوەی لە ژیانی سیاسیی سەرکردە کوردییەکاندا دەبینرێت تا لایەزال، ئەوەیە کە لای ئەوان هیچ ڕەهەندێکی مەعریفی سەبارەت بە ستراتیژی سیاسیی و ئەکشنی سیاسیی بۆ ئەوەی پێ بگەنە سەر ئەسڵی هۆشیاریی تەوەجودی نییە. ئەوان بێ ئەژمار زانیارییان هەیە، هەر وەها خاوەنی ڕووبەرێکی ناکۆتایشن لە تێگەیشتنی حیزبیی و ڕێخراوەیی و مەدەنیی و سیاسیی، بەڵام تەواوی ئەم تێگەیشتن و زانیارییانەی کە لە مەخیلەیاندا سەفتە بووە کۆمەک بە هۆشیاریی ئەوان ناکات، لەبەر ئەوەی هێندە زانیاریی و تێگەیشتن بۆیان مەقەدەسە، نەیان توانیوە  تا ئێستا بە هۆشیارییەکی باڵای گەردوونیدا بڕۆن.. ئێدگار مۆرین کە گەورەترین موفەکیری هاوچەرخی فەرەنسییە و، لەسەر دەزگاو بە دەزگایی بوون و چەمکی مۆندیالیزایۆن ڕێسێرچی بەهێزی کردووە، لەم دواییانەدا بە قووڵی ڕوومان دەکاتە خۆی و لە چەمکی هۆشیاریی و دەسپێکردن تێمان دەگەیەنێت..

 

ئێدگار مۆرین پێی وایە کە زانیاریی و تێگەیشتن خودی هەیکەلە حەقیقییەکەی هۆشیاریی نیین، لەبەر ئەوەی  حەیواناتەکان لە ئاستی جیاجیادا هەم دەزانن و هەم تێشدەگەن، بەڵام هۆکاری ئەوەی زانیین وەک دەزگایەکی مەعریفی رایەڵێکی ئۆتۆماتی هەیە  لەگەڵ تێگەیشتندا، ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم بە بێ ئەوی دیکەی هاوتوخمی خۆی دەستناکەوێت، لەکاتێکدا هۆشیاریی لە ڕووی فەلسەفییەوە سەنتێزی هەردوکیانە، واتە زانیاریی و تێگەیشتن هۆشیاریی نین، بەڵکوو وەسیلەن بۆ دەست خستنی فۆرمێک لە فۆرمە هەمەچەشنەکانی هۆشیاریی و هۆشیارییش ڕاستەو خۆ گرێدراوی بیرکردنەوە و تەئەموول و ڕۆچوونە بەناو حەقیقەتدا.

 

ئەگەر سەیری مێژووی سیاسیی کوردی بکەین و یەکتۆز بتوانین بووەستین لەسەر دەستەی فەرمانڕەوای کوردیی، ئەوە زۆر بە ئاسانیی تێدەگەین لەو حەقیقەتە قووڵەی کە لە سەردەمی بەدرخان شاوە کە باوکی هەرە گەورەی ناسیۆنالیزمی کوردییە، هەتا شۆڕشەکەی مەلا مستەفای بەرزانی و قازی محەمەد و شێخ مەحموودی حەفید، کوردایەتیی نەیتوانیوە لە جیهاندا ببێتە فیگەری  سەرکەوتووی شۆڕش گێڕی.. ئەمە لە کاتێکدا ئێمە وەک کورد لە ڕووی سەرژمێرییەوە بە یەکیک لە گەورەترین نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حیساب دەکرێن.. کە ئەگەر ئەم نەتەوەیە جگە لە زانیاری و تێگەیشتن کە دوو وەسیلەی پریمیتیفی خولقاندنی پەیوەندی مرۆیین، بەو هەموو هێزە مەعنەوییەوە لە پێناوی شۆڕشی هۆشیاریی تەواودا کاری بکردایەو ، یان بە پێچەوانەوە ڕەنجی بکێشایە لە پێناو ئەوەدا کە لە کەمترین مەودادا هۆشیارییەکەی ببوایە بە ئارگومێنتی سەرسەختانەی گەشەکردنی  خۆی لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، ئێستا ئێمەی کورد، لە قۆناغێکدا بووین زۆرێک لە وڵاتە عەرەبییەکانمان بە ئاسانیی لە ڕووی ئابووری و سیاسیی و تەنانەت پیشەسازیشەوە تیپەڕاندبوو..

 

بەڵام وەک دەبینرێت کوردایەتیی ناچارە تا ئێستاش ئاوڕ بۆ دواوە بداتەوە، وەک مۆتەکە و جادوو هەژموونی ڕابردوو بەناو مەغزی ناسیۆنالیزمی کوردیدا ڕۆچووە، نە سەر بە سیستەمی پیشەسازی و یەکەی ئابووری جیهانییە، نە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە توانیویەتی بە بێ یەدەگی غەیری خۆی ئەکشنی سیاسیی درووست بکات.. ئاماژەکانی دۆنالد ترامپ، ڕاستی ئەوە بە نەتەوەی ئێمە دەلێت کە جگە لە جەنگاوەری باش شتێکی دیکە نین و سنووری قارەمانێتیشمان بۆ ئەمریکا تا ئەو جێگایە بڕ دەکات کە فڕۆکەکانی ئەوان لە پشتی ئێمەوە دەجەنگن، خۆ ئەگەر فڕۆکەکانی ئەوان  لە پشتی ئێمەوە نەجەنگن ئێمە تەنانەت شەڕکەری باشیش نین..

 

لێرەوە تێدەگەین کە نموونەی وابەستە بوون بە مێژووەوە لە ترۆپکەوە پەکی خستووین و بەردەوامی ئەم بەڵێنە دۆزەخییە لەگەڵ مێژوودا ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێمە فەقەد دەمانەوێت پارێزگاری لە مانەوەی ئەم کیانە خەیاڵییە بکەین.. نەک هەنگاو بنێن و دەسپێبکەین، چونکە هەر دەسپێکردنێک پێویستی بە تەواوی ئەو بنەما گشتییانە هەیە کە هۆشیاریی لەسەریان دەخولقێت و ئەم فۆرمەیش لە هۆشیاریی لە مێژووی سیاسەتی ئێمەدا نەبووە، خۆ ئەگەر هەبوایە، کۆی وڵاتەکانی دراوسێ بە ناوی ئیسلام و ئایدۆلۆژیای دینییەوە چەندین هێز و چەندین شپۆڕش و تەنانەت ئیمپراتۆریەتی مەزنیشیان درووست کردووە، لە کاتێکدا ئێمەی کورد سەبارەت بە تۆخ کردنەوەی خەتە ڕەئیسییەکانی ناسیۆنالیسمی کوردی و بە ئامانج کردنی داهاتووی تاکی کورد، بچووکترین قازانجمان لە دین و ئایدۆلۆژیاکەی نەکردووە.

 

شعەرەبەکان هاتن بە ناوی ئایدۆلۆژیای دینییەوە چەندین سەدە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا حاکمی موتڵەق بوون، فارسەکان و تورکەکان هەتا ئێستایشی لەسەر بێت بە مۆدێلی ئیسلامییانە ئایدۆلۆژیای ئیمپریالیستی خۆیان بڵاو دەکەنەوە و هیلالی شیعی زەقترین نموونەی ئەو مۆدێلەیە لە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی بە قەومیکراو، لە کاتێکدا لە سەدا نەوەد و پێنجی خەڵکی ئێمە باوەڕی بە دین و ڕیتوێڵە دینییەکان هەیە و خاوەنی نەتەوەیەکی بیمار و دەستەمۆ و خەسیویشە لە ئاستی سیاسیی و ئابووری و کولتووری و پیشە سازییەوە، هەتا تەنانەت ئەم کوردایەتییە بچوکترین کاریگەری لەسەر ناوەندی تەکنەلۆژی نێودەوڵەتی نییە.. من نامەوێت لایەنە نەرێنییەکانی قەومی کوردیی و فەرمان ڕەوا دوابەدواکانی کورد شیکەمەوە، بەقەد ئەوەی ئەمەوێت لەم نوسینە بچووکەوە بە چەندین بەڵگە بیسەلمێنم ناسیۆنالیزمی کوردی هێشتا دەستی پێنەکردووە و دەستەی فەرمانی ڕەوای میریش هێشتا نەیتوانیوە عەقدی دەسبەکار بوونی خۆی وەک سیاسەت مەدارێکی هۆشیار ئیمزا بکات…

 

لە کاتێکدا باشترین ڕێگە چارە بۆ ئەم دۆخە مێژوییە لەوەدا دەبینم کە هەموومان هاوپەیمان بین بۆ سەرخستنی پڕۆژەی حوکمی ڕاشیدی کوردی و سەروەری مرۆڤ و سەرخستنی پرۆژەی چاکسازیی لە ئاستیی نەتەوایەتیدا..کە پjێم وایە هاوپەیمانی نیشتیمانی خەریکە ئەو بارە بە شانی هەڵدەگرێت و ئەگەر بەو میتۆدە سیاسییە نەتەوەییە مرۆییانەی لە جیهاندا هەن کار نەکات، دەبێتە پارتێکی سیاسیی نەریتیی، کە بۆ مێژوو سەرکەوتنی گەورە تۆمار ناکات.