وتەبێژی عەبدولمەهدی: خۆپیشاندانەكان زیانی شەش ملیار دۆلاریان بەئابووری عێراق گەیاندووە

بچووکردنەوە گەورەکردن

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئاشكرایدەكات، بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە زیانی شەش ملیار دۆلار بەر عێراق كەوتووە، دەشڵێت، هەر خۆپیشاندەرێک بیەوێت رێگە سەرەکیەکان بگرێت دەستگیری دەکەین و رادەستی دەسەڵاتی دادوەری دەکەین.

 

 

لیوا روکن عەبدولکەریم خەڵەف، وتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە كۆنگگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە زیانی شەش ملیار دۆلار بەر ئابوریی عێراق کەوتوە.

 

وتیشی، فەرمانمان کردوە بەهیچ شێوەیەک گولـلەی زیندو دژی خۆپیشاندەران بەکارنەهێنرێت”.

 

باسی لەوەشكرد، ” پابەندین بە پارێزگاریی لە ماڵ و موڵکی دەوڵەت و بەندەرەکانی تایبەت بە نەوت ، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری خۆپیشاندەران رێگا سەرەکییەکانیان داخستوە و کێشەیان بۆ گواستنەوەی نەوت دروست کردوە، بۆیە پێویستە خۆپیشاندەران پەنا بۆ رێگە ئاشتیانە و مەدەنییەکان ببەن بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان، نەک توندوتیژیی.

 

عەبدولکەریم خەڵەف جەختی لەوەشكردووەتەوە،” هەر کارێک بۆ داخستنی رێگا سەرەکی و پردەکان پەسەندکراو نییە و راستەوخۆ هەوڵی کردنەوەیان دەدەین، روبەڕوی ئەو کەسانەش دەبینەوە کە دەیانەوێت کاری دەوڵەت پەکبخەن و دەستگیری دەکەین و رادەستی دەسەڵاتی دادوەری دەکەین.