ھاتوچۆی ھەرێم پلانێكی بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ داڕشتووە

بچووکردنەوە گەورەکردن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان، سەرقاڵی چەند پلانێكە بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی ھاتوچۆ.

 

عەقید ئەسعەد كەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان راگەیاندووە، “ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان سەرقاڵی جێبەجێكردنی پلانێكە بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی ھاتوچۆ لە ھەرێمی كوردستان و چەند رێو شوێنێك دەگرینە بەر بۆ ئەوەی بە ھەر شێوەیەك بێت ئەو رووداوانەی ساڵانی رابردوو تۆمار كراون، كەمیان بكەینەوە”.

 

ئاماژەی بەوەشداوە، “لەگەڵ ھەموو پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستاندا لە ھەوڵداین بۆ یەكخستنی سیستەمی ھاتوچۆ و پەرەپێدانی گواستنەوەی گشتی لە ھەرێمی كوردستان، بە تایبەتی چاككردنی رێگاوبانەكان”.

 

رونیشیكردووەتەوە، “رووداوەكانی ھاتوچۆ ئەمساڵ زیادیان نەكردووە، بەڵام وەنەبێت كەمیشیان كردبێت و رێژەی رووداوەكان ھەروەك ساڵانی پێشووە، ھەر پلانێك ھەبێت بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی ھاتوچۆ، ھەوڵی جێبەجێكردنی دەدەین و ئەگەر لە توانای ئێمەشدا نەبوو، بۆ حكوومەت بەرزی دەكەینەوە”.