كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق: له‌ چوار رۆژی رابردوودا 23 خۆپیشانده‌ر كوژراون

بچووکردنەوە گەورەکردن

كۆمیسیۆنی‌ باڵای مافه‌كانی‌ مرۆڤ لە عیراق رایگه‌یاند، له‌ چوار رۆژی رابردوودا 23 خۆپیشانده‌ر به‌ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان‌ له‌ شاره‌كانی‌ عیراق كوژراون.

 

 

ئه‌مرۆ هه‌ینی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ، كۆمیسیۆنی باڵای مافه‌كانی‌ عێراق بڵاویكردەوە، 23 خۆپیشانده‌ر و كارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ چوار رۆژی رابردوودا و له‌ چوار پارێزگا كوژراون.

 

 

راشیگەیاندووە، هه‌ر له‌و چوار رۆژه‌دا هەزار و 77 كه‌س برینداربوون له‌ خۆپیشانده‌ر و كارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و زۆرینه‌یان دوای‌ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ كراونه‌ته‌وه‌.

 

 

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی كۆمیسیۆنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤدا هاتووه‌، 201 كه‌س له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون و له‌و ژماره‌یه‌ش 170 كه‌سیان ئازاد كراون.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لەسەرەتای مانگی رابردوەوە خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی له‌ شاری به‌غدا و شاره‌كانی‌ باشوری عیراق ده‌ستیپێكردووه‌ و تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی 300 خۆپیشانده‌ر كوژراون و 13 هەزار خۆپیشاندەر و كارمەندی هێزەكانی ئەمنی برینداربوونە.