سوپای ئیسڕائیل: زیاتر لە ٥٠ موشەک ئاڕاستەی ئیسڕائیل کراوە

بچووکردنەوە گەورەکردن

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، زیاتر لە ٥٠ موشەک ئاڕاستەی شوێنی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل کراون لەلایەن کەرتی غەززەوە، هاوکات لەلایەن بەرگری ئاسمانی ئیسرائیلەوە ٢٠ موشەکیان تێکشکێنراون.

 

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەلایەن کەرتی غەزەوە ئەمڕۆ زیاتر لە ٥٠ موشەک ئاڕاستەی شوێنی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل کراون و ٢٠ موشەکیش لەلایەن بەرگری ئاسمانی ئیسرائیلەوە تێکشکێنراون.

 

لە بەیاننامەکدا هاتووە، موشەکەکانی غەززە لەناوچەی ئەسدود لە نێوان تەلئەبیب و غەززە کەوتوونەتە خوارەوە و ئەو ناوجەیە نزیکەی ٢٣٠ هەزار دانیشووی هەیە.

 

هاوکات ژمارەیەکی دیکەی موشەکەکانی غەززە لە ناوچەی کیپتوس ئەلیۆمیان کەوتوونەتە خوارەوە و تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەگەیاندووە.

 

سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەمەبەستی ڕووبەرووبونەوەی هەر هێرش و پێشهاتێک، سەربازابی سوپای ئیسڕائیل لە ئێستادا لە بنکە و یەکە بەرگرییە سەربازییەکانی ناوخۆی وڵات لە ئامادەباشیدان.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە سوپای ئیسڕائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا ئەبو عەتا فەرماندەی سەرایا قودسیان کوشتووە، هاوکات کەرتی غەززە بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی ئەو سەکردەیەی بزوتنەوەی جیهادی فەڵەستینیاندا و بزونتنەوەی حەماسیش لە راگەیەنراوێکدا کوژرانی ئەبو عەتای پشتڕاستکردەوە.

 

هەواڵ. پێشکەوت خلیل