سەعد مەلا عەبدوڵا گوڵپی
9, ئازار 2019

چۆن و كەی پاشەکەوتی موچە هەڵوەشایەوە

شەڕ، یەكێكە لەو نەهامەتییانەی لە هەر وڵاتێكدا بوونی هەبێت ئەو وڵاتە بەرەو هەڵدێر دەبات، بەشێوەیەك زۆرینەی بودجەی ئەو وڵاتە بۆ پێداویستییەكانی شەڕ خەرج دەكرێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانانەی ڕوو لەو وڵاتە دەكات، بەهیچ شێوەیەك كاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان ناكات، چونكە حوكمڕانی ڕاستەقینە خۆی بە خزمەتگوزاری گەلەكەی دەزانێت و هەموو هەوڵێكی دەخاتەگەڕ بۆ دابینكردنی باشترین و خۆشترین هۆكارەكانی ژیان و ژیاری گەلەكەی، بەڵام لەو وڵات و هەرێمانەی حوكمڕانەكان خۆیان بە خاوەنی گەل و خاك نازانن، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ مانەوەی خۆیان، ئیتر بە چەوساندنەوەی گەلەكەیان بێت یان هەر ڕێكارێكیتر.

 

ئەو ڕژێمە دیكتاتۆرانەی ئێمە و گەلانی دراوسێمان دژیان وەستاینەوە و دەوەستینەوە، لە شەڕەكانیاندا لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتە هەرێمییەكان دەستیان بۆ قوت و خزمەتگوزاری و هیچ لایەنێكی ژیانی گەلەكەیان نەبرد، بەڵام حوكمڕانە خۆماڵییەكانی ئێمە لە یەكەم هەنگاوی نادروستیاندا قوت و ژیان و ژیاری كۆمەڵگەیان كورت پێهێنا. حوكمڕانەكانی هەرێمی كوردستان باشترین ئاو هەواو هێزی كاریان لەبەردەست بوو، كەرتی كانزاكاری و كشتوكاڵیان بەهێز بوو، سەرجەم بابەتەكانی گەشەكردنی ئابوورییان لەبەردەست بوو، بەڵام لەبری هەوڵدانیان بۆ ئامانجە گەورەكە و پێكهێنانی ژێرخانی ئابووری، سیستمێكی جیاوازی ڕووخێنەریان لە هەرێم پیادەكرد كە سیستمی كرێ خۆری بوو، خۆیان بوونە بایەعێكی خراپ و ئەو بڕە بودجەیەی لە عیراقەوە دەنێردرا بەشێوەیەكی زۆر خراپ و ناداپەروەرانە دابەشیان دەكرد و هاووڵاتیانیان ڕووبەڕووی هەڵئاوسانێكی بەرفراوان كردەوە و هاووڵاتیانیش نەزانانە بەبێ ئەوەی هەست بكەن ئەوان لە وڵاتێكی وێران و خاڵی لە عەقڵی سیاسی و ئابووریدان بەبێ گوێدانە ئایندەیان دەستیان بە جوانكردنی ڕوخساری ژیانیان كرد و لە ناوەڕۆكدا وێران، وەك حكومەتەكەیان، تاكو كار گەیشتە ئەوەی ڕووبەرووی قەیران ببینەوە.

 

پێش ئەوەی شەڕی داعش-یش بەرۆكی هەرێم بگرێت، كێشەو ململانێكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەدایك بووبوون و بوونە هۆكاری یەكەمی قەیرانەكان و دواتر بە بیانووی شەڕی داعشەوە بەرپرسانی هەرێم لەبری دڵدانەوەی برینداربوونی گەلەكەیان هاتن قوتی گەورە و بچوكیان بڕی، ئەمەش لەكاتێكدابوو بە وتەی خۆیان ئابووری سەربەخۆیان ڕاگەیاندووە و دەیانویست دۆخی ئابووری هەریم بەرزتر بكەنەوە، بەڵام هێندەی تر بردیان بە قوڕدا. قەیرانی ئابووری هەرێم ڕووی حوكمڕانەكانی هەرێمی كوردستان زۆر بەجوانی دەرخست، بەشێوەیەك بودجەی كۆكراوەی خێراتی نەخۆشانەی هیوایان دزی، بودجەی نێوخۆیان سەراونگون كرد، داهاتی نەوت بەشێوەیەك بڵاودەكرایەوە كە كەس بڕوای نە بە دەسەڵات نە بە ئۆپۆزسیۆن نەدەكرد. ئێستاش دوای چوار ساڵ لە نەهامەتی، ئەنجومەنی وەزیرانی كاربەڕێكەری حكومەتی هەرێم موژدانەی لابردنی پاشەكەوتی موچە دەدات.

 

دەركردنی ئەم بڕیارە هێندەی بڕیارێكی كەسی و پێشبڕكێی سیاسی بوو هێندە لەبەر بەرژەوەندی هاووڵاتیان نەبوو، چونكە سەرۆكی حكومەت گۆڕانكاری بەسەردا دێت، ئەمەش نەدەبوو ببێتە دەستكەوتی سەرۆكی نوێ، هەرچەندە لە یەك گروپیش بن، هەروەها لێدانێكی كوشندە بوو لە لایەنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو بەشێوەیەك لە حكومەتی ڕابردوو ئەوان بوونیان هەبوو و بوونە برا بەشی بڕیاری ستەمی موچە، ئێستاش هەندێكیان شەڕی پۆست و حكومەت دەكەن بۆ حكومەتی ئایندە و شەڕی لابردنی موچەیان دەكرد، ئەوەشیان لەدەست دەرچوو، كەواتە پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ حزبە دەنگ بەرزەكانیش ستەم ڕادەگەیەنێت و بەبێ ئەوانیش لایدەبات و پێشی وتن بە هاتوهاوار و خۆپیشاندانەكانی ئێوە هیچ لە بابەتەكە نەگۆڕا تا ئەوكاتەی خۆمان بمانەوێت. سیناریۆی لابردنی ستەمی موچە، پێموانییە ببێتە هۆكارێك بۆ گەڕانەوەی خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان لەبەر چەند هۆیەك، پێش هەموو شتێك هاووڵاتیان لە زۆنگاوی قەرزی چوار ساڵی رابردوویان گیریان خواردووە و دەبێت پێش هەموو شت دڵی خاوەن قەرزەكانیان خۆش بكەن، “ئەگەر ئەم بڕیارە تاكو سەر بێت”، هەروەها پێویستە ئەوەش بوترێت، ئەوان بەهۆی شەڕی داعشەوە پاشەكەوتی موچەیان سەپاند، ئێستاش پێش لابردنی پاشەكەوتەكە خۆیان دەڵێن كە داعش كۆتایی نەهاتووە و مەترسی بۆ هەرێم و عیراقیش هەیە، لەبەرئەوە پێویستە هاووڵاتیانی هەرێم ئەوە بزانن كە ئەگەر موچەكەشیان بەبێ پاشەكەوت وەرگرت، دەبێ چاوەڕێی ئەوە بكەن كە ئەو دۆخە دووبارە ببێتەوە، چونكە بەرپرسانی هەرێم و عیراق و هاوپەیمانانیش ئەو موژەدەیان دایە گەلانی عیراق كە دوای داعش گروپێكی دیكە دێتە مەیدان و خەریكی خۆڕێكخستنەوەن، لەبەرئەوە دڵتان بەوە خۆش نەبێت كە حكومەتی هەرێم خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی بوێت، لەكاتێكدا دەبێت ئەوەش بوترێت لابردنی ستەمی موچە پەیوەندی بە ڕێككەوتنی عیراق و هەرێم و هەناردەكردنی پارە زەبەلاحەكانی بەغداوەیە بۆ هەرێم نەك پیاوەتی و گەورەیی حوكمڕانەكانی هەرێم.

 

بە كورتییەكەی بڕیاری ستەمی موچەش نەما، ئاخۆ چ بڕیارێكی ترسناكی دیكە لە هەگبەی حوكمڕانەكاندا بێت و ئۆپۆزسیۆنەكانیش خۆیان مڵاس دابێت بۆ ڕووبەرووبونەوەی بە گیرفان و هێزی بەتاڵەوە.