ئیسپانیا نزیکەی ١٢ ملیۆن یۆرۆی قەرزی کۆنی دایەوە بە عێراق

نزیکەی ١٢ ملیۆن یۆرۆ لەلایەن حکومەتی ئیسپانیاوە گەڕێنرایەوە بۆ خەزێنەی عێراق لەبری قەرزێکی کۆنی نەوتی عێراق کە لای کۆمپانیا ئیسپانییەکان بوو.

دەستەی دەستپاكی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو بڕێک پارەی قەرزی کۆنی نەوت کە لای چەند کۆمپانیایەکی ئیسپانیی بوو گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی عێراق.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە “ئەو بڕە پارەیە هی چەند بارە نەوتێكە کە لە ساڵی ١٩٨٨ بەپێی رێككەوتن دراوە بە یەكێك كۆمپانیا ئیسپانییەكان و پێشتر بەهۆی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشەوە بلۆك كرابوو”.

ئاماژە بەوەشکراوە “پاش تاوتوێكردنی دۆسیەكە، یاداشتێكی لێكگەشتن لەنێوان عێراق و ئیسپانیا مۆركرا بۆ گێڕانەوەی ئەو پارەیە بۆ وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی عێراق و بەمدوایاننەش گەشتەوە خەزێنەی عێراق”.