هاودەنگ محەمەد
15, ئازار 2019

لە یادی (٣/١٦) دا ژنی برا جوان خاسەکەتان بیر بێت

ئەگێڕنەوە کابرایەک ساڵانێکی زۆر وێڵ ئەبێت بە دوای دەرمانی گەنجێتیدا، تا لە کۆتاییدا ناونیشانی دوو ماڵە برای پێشان ئەدرێت لە بنارێکی دوورە دەست .

 

بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا ئەگاتە ماڵی برایەکیان و دوای سەلام و کەلام، ژنەی خاوەن ماڵ ھەر لە دوورەوە پەست و بێزاری دەرئەبڕێت و بۆڵەو قۆڵە ئەنێتەوە لە دەست میوانی ناوەخت .

 

دواتر پیاوی خاوەن ماڵیش بڕێک شەرمەزاری ئەکێشێ و فەرموو لە میوان ئەکات . بەڵام میوان عەرزو حاڵی خۆی پێشکەش ئەکات و ئەڵێت” بۆ دەستکەوتنی دەرمانی گەنجێتی ھاتومەتە ئێرە .

 

خاوەن ماڵیش بێ ئاگایی لە دەرمانی گەنجێتی دەرئەبڕێت و رێنمایی ئەکات بچێتە ماڵی براکەی بەڵکو لەوێ دەستی کەوێت .

 

کاتێک ئەچێتە ماڵی دووەم، ژن و پیاوی خاوەن ماڵ بە پیرییەوە ئەچن و رێزو ماریفەتێکی خاسی لێ ئەگرن .

 

دواتر ئەیبەنە ژوورەوەو دوای خوڵک و خوێ، پیاوەی خاوەن ماڵ بە ژنەکەی ئەڵی” ئافرەت بڕۆ لەو بێستانەی خوارەوە شوتیەکی جوانمان بۆ بێنە با بیخۆین .

 

لەگەڵ ئەم قسانەدا ئەچنە سەر ئەسڵی مەتڵەب و میوان عەرزی ساحێب ماڵ ئەکات و ئەڵێت” – قوربان بۆ شتێکی وا ھاتووم و ناونیشانی ئێرەیان داوە پێم. بۆ ئەو مەبەستە پێش ئەوەی بگەمە لای جەنابتان، چوومە ماڵی براگەورەکەت و ئەویش وتی” (شتی وا لای من دەست ناکەوێت) بڕۆ بۆ لای ئەو برایەم بەڵکو ئەو شتێکی پێ بکرێت .

 

ئیتر لەم قسانەدا ئەبن ژنەی خاوەن ماڵ دێتەوەو شوتیەکی گەورەو چاکی پێیە، مێردەکەی ھەر لە دوورەوە ھاوار ئەکات” ژنەکە ئەو شوتیە باش نیە بیگۆڕە بە شوتیەکی باشتر . ژنە” وەی بەسەر چاو ھەر ئێستا .

 

پاشان کابرای خاوەن ماڵ ئاوڕێک لە میوانەکەی ئەداتەوەو ئەڵێت” سەرەتا با بزانیت ئەوەی رێنمایی کردی بۆ ماڵەکەی من برای گەورەم نیە، بەڵکو بچوکترە لە من، بەڵام ژنەکەی ئەوەنە خەفەتی داوە پێی ئەڵێی لە من گەورەترە .

 

لەم قسانەدا ئەبن دیسان ژنەی خاوەن ماڵ بە شوتیەوە ئەگەڕێتەوەو پێش ئەوەی شوتیەکە دابنێت، پیاوەکەی ئەڵێت” ژنەکە ئەی ھاوار، ئەوە کەی شوتیە … بڕِۆ شوتیەکی جوانتر بێنە .

 

ژنە دیسان بە لەبزو کەلامێکی شیرین ئەڵێت” وەی بەسەر چاو ھەر ئێستا. دیسان خاوەن ماڵ روو ئەکاتەوە میوان و ئەڵێت” بۆ (دەرمانی گەنجێتی) ھیچ دەرمانخانەیەکی رووەکی و ھیچ شیوو دۆڵ و بنارێکى بؤ مەگەڕێ .

 

ئەوەی دەرمانی گەنج بوونەوە بيَت (ئافرەت) ێکی باشە . بۆ جاری سێەم ژنەی خاوەن ماڵ بە شوتیەکەوە ئەگەڕێتەوەو ئەڵێت ” پیاوەکە ئەم شوتیە چۆنە ؟ پیاوەی خاوەن ماڵیش ئەڵێت” داینێ عەیبی نیە …. ئیتر بەو قسانەوە خاوەن ماڵ دەست ئەخاتە سەر شوتیەکەو ئەڵێت” ئەم شوتیە کە (٣) جار بە ژنەکەمم وت بڕۆ شوتیەکی باشتر بێنە، ھەمان شوتی یەکەم جار بوو.

 

چونکە ئێمە بێستانە شوتیمان نیەو ھەر ئەم دانە شوتیەمان ھەیە لەم ماڵەدا، بەڵام چونکە ژنەکەم عاقڵە، ئەو چەند جارەی ناردمەوە بۆ شوتی باشتر، رووی خۆی گرژ نەکردو ھەر جارێک ئةھاتەوە ماریفەتێکی جوانتری ئةنواند، لة كاتيَكدا ھەمان شوتی بوو ئەیانهێنایەوە، بۆیە (ئافرەتە) دەرمانی گەنج بوونەوە نەک شتی تر .

 

خۆلاسەی کەلام (٣١) ساڵە ئەم بەرپرسانەی ھەرێم، نەیانتوانیوە وەکو (ژنەی برا جوان خاسە) كة دڵی قوربانیانی ھەڵەبجەو خةلَكةكةى خۆش کةن .

 

ئینكاری ناکرێت کێشە و گرفت و شەڕِی داعش و ململانێی بەغدا ھەبووە، بەڵام بۆ عەقڵ و ئیدارەی ژنێکی باشیان نەبووە ؟ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی ھەڵەبجە باشترین کارێک بووە کە کردویانە، بەڵام دواى چی؟

 

ئەو هەموو تورڕەییە دابارى بەسەرياندا، دەی ئیتر ناھەقمانە بڵێین” ئەم حکومەتە تا ژیر بوو پیر بوو ؟